عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌ت ڕێگر بوه لە سەپاندنی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بەسەر عێراقدا و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه قەیرانی ئابووریی ئێستا کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر ئابووریی عێراق. ده‌شڵێت، پێنج له گروپه چه‌كداره‌كان رازی بون به راده‌ستكردنی چه‌كه‌كیان و گفتوگۆش له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه به‌رده‌وامه.
ئاوێنه: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشوازی كرد لە كۆمه‌ڵێك له سه‌رۆك هۆز و کەسایەتییە دیارەکانی عه‌شیره‌ته‌كان و له وته‌یه‌كدا وێڕای ستایشی هەڵوێستی هۆزەکان لە پشتیوانیکردنی دەوڵەتدا جەختی کردەوە لەسەر ڕێنەدان بە هیچ کەسێک کە هەوڵی بێهێزکردنی دەوڵەت بدات یان هەڕەشە لە بونی بکات.
سه‌رۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت ڕێگر بوه لە سەپاندنی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بەسەر عێراقدا و دەستی هاوکاریی بۆ جیهان درێژکردوە لە پێناو شەراکەتدا.
زه‌یدی وتیشی، قەیرانی ئابوریی ئێستا کاریگەرییەکی گەورەی کردوەتە سەر ئابوریی عێراق و به‌غدا پێویستی بە شەراکەتێکی نێودەوڵەتیی بەسود هەیە بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتە زلهێز و پێشکەوتوەکان لەڕوی ئابورییەوە.
جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه چاکسازی لە ئابوریی عێراقدا پێویستی بە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی هەیە، لەگەڵ چونەدەرەوەی هەر هێزێکی بیانی لە عێراق.
به‌قسه‌ی زه‌یدی، لە ساڵی 2031دا بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دەگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
وتیشی، سندوقی نەوەکانمان دامەزراندوە و بڕی 1.5 تریلیۆن دینارمان بۆ تەرخان کردوه. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئەو بڕە پارانەی کە لە هه‌ڵمه‌تی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دەگەڕێندرێنەوە، دەخرێنە سەر حسابی سندوقی نەوەکان.
هه‌روه‌ها له به‌شێكی قسه‌كانیدا هێمای بۆ ئه‌وه كرد "لەگەڵ لایەنی تورکی قسەمان لەسەر چەندین دۆسیە کردوە و كشانه‌وه هەیە لەو شوێنانەی کە سوپای تورکیای تێدایه لە ناو خاکی عێراقدا." وتیشی، له‌گه‌ڵ كوێتییه‌كان گفتوگۆمان كردوه‌و نیازپاكییه‌ك هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌و ئاسته‌نگه دوقۆڵییه‌كان.
له‌باره‌ی كۆنترۆڵكردنی چه‌كیش وتی، پێنج گروپی چه‌كدار رازی بون له‌سه‌ر دەستبەرداربون و ڕادەستکردنی چەکەکانیان و سێ گروپیان چەکەکانیان ڕادەست کردوە و گفتوگۆش لەگەڵ ئەوانی دیکە بەردەوامە.
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وتی، مانگانە بڕی 500 ملیار دینار خەرج دەکەین بۆ دانه‌وه شایستە داراییەکانی جوتیان.
زه‌یدی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "یەکخستنی ڕیزەکانمان پێویستییەکی حەتمییە و دەبێت پارێزگاری لە مێژوی شكۆداری عێراق بکەین، بەهێزیشمان لەوەدایە کە بڕیارەکە عێراقییانە بێت."
جه‌ختیشی كرده‌وه، هەوڵ دەدەین عێراق دوربخه‌ینه‌وه لە هەر لێکەوتەیەکی ململانێکانی ناوچەکەو سەقامگیریی کۆمەڵگە و گەلەکەمان ئامانجی سەرەکیمانە.