حوسییەکان فڕۆکەخانەی عەدەنیان موشەکباران کرد؛ گرژییە سەربازییەکان لە یەمەن و سنوورەکانی سعودیە پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە
  2026-10-07     

نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئاسایشی عەدەن بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدەن بە دوو موشەکی بالیستی کە لەلایەن چەکدارانی حوسییەوە ئاراستەکرابوون، کرایە ئامانج. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک لەبارەی قەبارەی زیانە گیانییەکان نەخراوەتەڕوو.

ئاوێنە: ​ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانێکی بەرچاوی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە چەند بەرەیەکی جیاوازی یەمەن. لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتانەدا، هێزەکانی حکومەتی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان پارێزگاکانی لاحج و تەعز دەستپێکردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای "ئەلوازعیە"ـیە لە ڕۆژئاوای تەعز، کە وەک ئامادەکارییەک سەیر دەکرێت بۆ پێشڕەویکردنی زیاتر بەرەو شارەکانی مۆکا و زوباب کە لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان دان.

​لە بەرامبەریشدا، میدیاکانی سەر بە حوسییەکان ڕایانگەیاندووە کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، بەتایبەتی هەردوو ناحیەی "موزیخرە" لە پارێزگای ئیب و قەزای "شەرەعب" لە پارێزگای تەعز کە کەوتوونەتە بەر هێرشی تۆپخانەیی.

​لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ناوخۆییەکانی یەمەن ئاشکرایان کردووە کە ئاڵۆزییەکانی بەرەی جەنگ گەیشتووەتە ئاستێک، چەکدارانی حوسی دوای بڕینی هێڵەکانی پشتیوانی و دابینکردن، توانیویانە لە گوندێکی ناوچەی "ئەلمەواسیت" لە باشووری تەعز، گەمارۆی فەرماندەی لیوای ٣٥ی زرێپۆش و سەدان سەربازی سەر بە هێزەکانی حکومەت بدەن.

​کاریگەرییەکانی ئەم ململانێیە سنوورەکانی یەمەنی تێپەڕاندووە؛ وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەیان توانیویەتی موشەکێکی بالیستی بەرپەرچ بداتەوە و لەناویببات کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئاراستەی ناوچەی "خەمیس موشیت" لە باشووری شانشینی سعودیە کرابوو.

​لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی سعودیەدا هاتووە کە سەرچاوەی هەڕەشەکان زیاتر لە پارێزگاکانی سەنعا، سەعدە و عەمرانەوەن، کە حوسییەکان وەک بنکەی هەڵدانی موشەک بەکاریان دەهێنن. وەزارەتەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ تێکشکاندنی سەکۆکانی هەڵدانی موشەک و کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی موشەکی بالیستی و موشەکی زەمین-بۆ-زەمین بەردەوام دەبێت.

​جێی ئاماژەیە، ئەم پێشهاتانە پاش ئەوە دێن کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، حکومەتی یەمەن بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لەژێر ناوی "بەرەبەیانی یەمەن" (Dawn of Yemen) دژی چەکدارانی حوسی ڕاگەیاند. ستراتیژیەتی ئەم ئۆپەراسیۆنە بریتییە لە گێڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەت بۆ ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە سەر کەناراوەکانی دەریای سوور و گەرووی ستراتیژیی بابلمەندەب کە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکان دان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×