بەهۆی وتارە ساختەکانی زیرەکیی دەستکردەوە؛ گرژی دەکەوێتە نێوان وەزیری بەرگریی ئەمریکا و سی ئێن ئێن
  2026-10-09     

پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕەخنەی توندی لە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن (CNN) گرت، دوای ئەوەی تۆڕەکە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ دروستکردنی ناسنامەی ساختەی ڕۆژنامەوانی و بڵاوکردنەوەی وتار دژی جەنگی ئەمریکا لە ئێران.

ئاوێنە: ​هێگسێت لە پلاتفۆرمی "ئێکس" پەیامێکی ئاراستەی سی ئێن ئێن کرد و نووسیویەتی: "ئێوە بەردەوام دەکەونە داوەوە، چونکە ڕقبوونتان لە سەرۆک زیاترە لە خۆشەویستیتان بۆ وڵات و سەربازەکانمان." ئەم لێدوانەش وەک کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بەو ڕاپۆرتەی کە سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی کۆمپانیای "ئۆپن ئەی ئای" (OpenAI) بڵاویکردووەتەوە.

​لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای ئاشکرای کرد کە لە هەڵمەتێکدا بە مەبەستی کاریگەری دانان لەسەر ڕای گشتی سەبارەت بە جەنگی ئێران، نزیکەی ١٢ دەزگای میدیایی لە جیهاندا زیاتر لە ١٠٠ وتاریان بە ناوی حەوت ڕۆژنامەنووسی وەهمییەوە بڵاوکردووەتەوە کە لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە بەرهەم هێنراون.

​هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئۆپن ئەی ئای ڕایگەیاند کە هەژمارە پەیوەندیدارەکانی بەم هەڵمەتەوە لە سیستەمی "چات جی پی تی" (ChatGPT) داخستووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەژمارانە بۆ داڕشتنەوەی وتارەکان، پێشنیارکردنیان بۆ بڵاوکردنەوە بە زمانی فارسی، و دروستکردنی کۆمێنت بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنراون. ناوەڕۆکی بەشێک لە وتارەکانیش تیشکیان خستووەتە سەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، ڕۆڵی جارد کوشنەر لە سیاسەتی دەرەوە، و ئاستی متمانەپێکراوی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کاتی جەنگەکەدا.

​بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، دەزگا میدیاییە گەورەکانی ئەمریکا وتارەکانیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام هەندێک لەو ماڵپەڕانەی وتارەکانیان تێدا بڵاوکراوەتەوە، خوێنەرێکی زۆریان هەیە. یەکێک لەم ماڵپەڕانە "میدڵ ئیست مۆنیتۆر"ـە (Middle East Monitor) کە بنکەکەی لە لەندەنە و نزیکەی دوو ملیۆن فۆڵۆوەری لە فەیسبووک هەیە. داود عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ماڵپەڕەکە، بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە کە بەدواداچوون بۆ ئەو وتارانە دەکەن کە ئۆپن ئەی ئای ئاماژەی پێکردوون و ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر. هەروەها، پێگەی "ئێڵ ئەی پرۆگرێسیڤ" (LA Progressive)ی ئەمریکیش وتارێکی سەبارەت بە کوشنەر و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکردووەتەوە، و سی ئێن ئێن هەوڵی پەیوەندیکردنی داوە لەگەڵیان بۆ وەرگرتنی ڕوونکردنەوە.

​هەڵمەتەکە تەنها لە بڵاوکردنەوەی وتاردا کورت نەبووەتەوە؛ ئۆپن ئەی ئای ئاماژەی بەوە کردووە کە بەکارهێنەرانی ئەو هەژمارانە داوایان لە چات جی پی تی کردووە کۆمێنتێک بنووسێت کە هاوشێوەی کاردانەوەی خوێنەری ڕاستەقینە بێت. کۆمێنتەکان زیاتر باسیان لە هێرشە مووشەکییەکان، ئاگربەست و هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردووە، و ئامانج لێیان پیشاندانی ئەمریکا بووە وەک لایەنی هێرشبەر، ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی بێمتمانە، و ئێرانیش وەک قوربانییەکی خۆڕاگر.

​جێسیکا برانت، بەرپرسی پێشوو لە سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی زیانبەخشی دەرەکی لە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، پێی وایە دزەکردنی ئەم جۆرە ناوەڕۆکانە بۆ ناو دەزگا میدیاییە ڕاستەقینەکان، پێشهاتێکی گرنگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاراستەکردنی ڕای گشتیدا. ناوبراو ڕوونیکردووەتەوە کە زیرەکیی دەستکرد یارمەتی ئەنجامدەرانی ئەم هەڵمەتانە دەدات ناسنامەی خۆیان بە شێوازێکی ئاڵۆزتر بشارنەوە و میدیا ڕاستەقینەکان بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانیان.

​سەرەڕای ئەوەی کە گومان دەکرێت ئەم هەڵمەتە پەیوەندی بە ناوخۆی ئێرانەوە هەبێت، کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای جەختی لەوە کردووەتەوە کە ناتوانێت بە تەواوی ناسنامەی ئەنجامدەری سەرەکی دیاری بکات، یان پەیوەندییەکەی بە حکومەتی ئێرانەوە بسەلمێنێت. بەپێی شیکارییەکانی کۆمپانیاکە، شێوازی کارکردنەکە زیاتر لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی لایەنێکی بازرگانی دەگونجێت کە بە نوێنەرایەتی لایەنێکی تر کار دەکات؛ بۆیە هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە سوپای پاسداران یان دامەزراوەیەکی دیکەی حکومەتی ئێران ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی هەڵمەتەکەی کردبێت.

​لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد لە چالاکییە میدیاییەکانی پەیوەست بە جەنگەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە. پێشتریش سی ئێن ئێن ڕاپۆرتی لەسەر بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ دروستکردنی ڤیدیۆی تەنزئامێز سەبارەت بە جەنگ و مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی زانیاریی چەواشەکارانە بڵاوکردبووەوە. ئەم دۆسیەیە جارێکی دیکە گرنگیی بەدواداچوون بۆ ناسنامەی نووسەران و سەرچاوەی بابەتەکان لەلایەن دەزگا میدیاییەکانەوە دەسەلمێنێت، بەتایبەتی کاتێک کە لایەنە سیاسییەکان زیرەکیی دەستکرد بۆ پرۆفیشناڵ پیشاندانی ناوەڕۆکەکانیان بەکاردەهێنن.

زۆرترین بینراو
پەکەکە تەواوی هێزەکانی لە تورکیا کشاندەوە و تێکدانی سەنگەرەکانی شەڕی راگەیاند
بازاڕەکانی کوردستان لەبەردەم شەپۆلێکی گرانیی نوێدان
دوای بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار؛ عێراق بە نهێنی ئامادەکاری بۆ گۆڕینی دراو و لابردنی سفرەکان دەکات
بڕینەوەی سەدان هەزار دار لەبادینان: لەنێوان پشتڕاستکردنەوەی ڕۆژنامەنووسان‌و ڕەتکردنەوەی بەرپرساندا
زه‌یدی له‌باره‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار: له‌به‌رده‌م سێ بژارده‌ی قورسدا بوین
هاکان فیدان: رێککەوتنی مەککە تەنها بۆ بەرگرییە و هێز بۆ هێرشبردن رەوانە ناکەین
دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا
دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕۆژی شەممەوە دەستپێدەکات
گۆڕانکاری لە هاوکێشە سەربازییەکان؛ هەڕەشە نائاساییەکانی ئێران هێزەکانی ئەمریکا ناچار بە جێگۆڕکێ دەکەن
"محه‌مه‌د سه‌معان ده‌ستبه‌رداری پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌بێت و له‌ به‌غدا ده‌بێته‌ وه‌زیر"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×