حکوومەتی پاکستان، وەک بەشێک لە پابەندبوونی بە رێککەوتننامەی مەکە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بڕیاریدا ژمارەیەک هێزی سەربازی و کەرەستەی جەنگی رەوانەی خاکی عەرەبستانی سعوودیە بکات. بەرپرسانی ئەو وڵاتە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجی جێگیرکردنی ئەو هێزانە تەنیا بۆ بەرگریکردنە لە سەروەری سعوودیە و بەشدار نابن لە هێرشکردنە سەر حووسییەکانی یەمەن.
ئاوێنە: لەم بارەیەوە، رۆژی هەینی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، سەجاد حەیدەر خان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد، پرۆسەی گواستنەوەی هێزەکان بە کردەیی دەستیپێکردووە و لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە سەربازان و پێداویستییە سەربازییەکانی پاکستان گەیشتوونەتە سعوودیە و لە شاری ریازی پایتەخت جێگیر کراون.
سەبارەت بە سروشت و سنووری ئەرکی ئەو هێزانە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان وردەکاری زیاتری خستەڕوو و رایگەیاند: "سەربازەکانمان سنوورەکان نابەزێنن و ئامانجیان هێرشکردنە سەر حووسییەکان نییە." ناوبراو دووپاتیکردەوە کە دڵنیایی دەدەن ئەرکی سەرەکی و تاکە ئامانجی هێزەکانیان، تەنیا بریتییە لە پاراستنی سەروەری و بەرگریکردن لە خاکی شانشینی سعوودیە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم هەنگاوەی پاکستان لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەو وڵاتە لەگەڵ هەریەک لە تورکیا و سعوودیە رێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشی واژۆ کردووە. پشتڕاستکردنەوەی بڵاوەپێکردنی ئەم هێزە نوێیانەی پاکستان لە نێو خاکی شانشینی سعوودیەدا، هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و پەرەسەندنی ململانێکانی ناوچەکە، بەتایبەتی گرژییەکانی پەیوەست بە حووسییەکانی یەمەنەوە.