هاوپەیمانیی پاڵپشتی لە حکومەتی یەمەن، کەوتنەخوارەوە و تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکی چاودێری لە ناوچەی نەجران و گیانلەدەستدانی دوو ئەفسەری ڕاگەیاند.
ئاوێنە: لیوا ڕوکن تورکی ئەلمالیکی، وتەبێژی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێلیکۆپتەرێکی چاودێری لە جۆری «AH-6i» کە سەربە وەزارەتی پاسەوانیی نیشتمانیی سعودیە بووە، بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لەناو خاکی سعودیە و لە ناوچەی نەجران کەوتووەتە خوارەوە و تێکشاوە.
وتەبێژەکەی هاوپەیمانی ئەوەشی خستەڕوو کە بەهۆی ئەو ڕووداوەوە، تیمی فڕۆکەوانیی هێلیکۆپتەرەکە کە لە دوو ئەفسەر پێکهاتبوون، گیانیان لەدەستداوە.
ئەم جۆرە هێلیکۆپتەرە کە بەرهەمی کۆمپانیای «بۆینگ»ە، قەبارەیەکی بچووکی هەیە و ڕووبەری بەرکەوتنی ڕاداریی کەمە، هەروەها لەلایەن سیستەمەکانی چاودێرییەوە توانای بینرانی تا ڕادەیەک نزمە.
لە پاڵ ئەوەشدا، هێلیکۆپتەرەکە خاوەنی توانایەکی بەرزە بۆ مانۆڕ و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ژینگە شارستانی و شاخاوییەکاندا، بە گونجاویش دادەنرێت بۆ چاودێریی چەکدارانە و یاوەریکردنی هێزە تایبەتەکان. بەهۆی بوونی سیستەمی پێشکەوتووی هەستەوەرەوە، دەتوانێت ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی لە شەو و ڕۆژدا جێبەجێ بکات.
لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، تورکی ئەلمالیکی ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵات و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکە لە ناوچەی ڕیاز ڕێگرییان لێ کراوە و تێکشکێندراون. هەروەها باسی لە ڕێگریکردن و تێکشکاندنی دوو مووشەکی بالیستی کرد کە لەلایەن چەکدارانی حوسییەوە ئاراستەی ناوچەی خەمیس موشەیت کرابوون.
لە کۆتاییدا، هاوپەیمانییەکە چەند دیمەنێکی ڤیدیۆیی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئاسمانییەکانی بڵاوکردەوە کە تێیدا ڕێگری لەو مووشەکی کروز و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەکەن کە لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدەدرێن.