حەیدەر عەبودی، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە سەپاندنی رێگریی بەسەر هاتوچۆی گەشتە ئاسمانییەکاندا دەکەن لە ئاسمانی عێراق به‌هۆی ئه‌گه‌ری چالاکیی سەربازیی لە ناوچەکەدا.
ئاوێنه: حەیدەر عەبودی، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق، ئه‌مڕۆ هه‌ینی به ئاژانسی ره‌سمی هه‌واڵه‌كانی عێراقی راگه‌یاند، "ئەو هەواڵانەی باسی سەپاندنی ڕێگریی لەسەر جوڵەی فڕین لە ئاسمانی عێراقدا دەکەن، چەواشەکارین و هیچ ڕاستییەکیان تێدا نییە."
عه‌بودی وتیشی "سەرجەم هێڵ و ڕێڕەوە ئاسمانییەکان کراوەن و هیچ جۆرە ڕێگرییەک لەسەر جوڵەی فڕین لە ئاسمانی عێراقدا بونی نییە."
پێشتر به‌شێك له میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، دەسەڵاتدارانی عێراق ئاگادارییەکی فڕینی ئاسمانی (NOTAM) یان دەرکردوە کە سەپاندنی ڕێڕەوی فڕینی دیاریکراو و ناچاری بۆ تەواوی ئەو فڕۆکانە لەخۆدەگرێت کە له‌ماوه‌ی نێوان 7 تا 11ی ئه‌م مانگه‌دا بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن له‌گه‌ڵ ئەو فڕۆکانە‌ی کە بەرەو چەند فڕۆکەخانەیەکی وڵاتەکە دەچن.
بەپێی ئاگادارییەکە، ڕێکارەکان ئەو گەشتانە دەگرێتەوە کە به ئاڕاسته‌ی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی و کەرکوک ده‌چن، سەرباری ئەو فڕۆکانە‌ی بە ئاسمانی عێراق تێدەپەڕن، لەگەڵ پابەندکردنیان بە پێڕەوکردنی ڕێڕەوی ئاسمانیی دیاریکراو لە ماوەی کارایی رێكاره‌كاندا.
ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆكه‌وانی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا (EASA) لە 30ی ئەیلولی ڕابردودا هۆشداریدانەکەی سەبارەت بە بواری ئاسمانیی عێراق تا 16ی ئه‌م مانگه درێژ کردبوەوە و داوای لە کۆمپانیاکانی فڕۆكه‌وانی ئەوروپی کردبو کە خۆیان لە فڕین بە ئاسمانی عێراقدا بە دور بگرن لە هەمو بەرزییەکاندا.