سیستانی داوا دەكات لەماوەی دیاریكراودا سەرۆكی نوێی حكومەت دابنرێت
  2019-12-06       940       

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق داوا دەكات سەرۆكی وەزیرانی نوێی عێراق لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا بەبێ دەستوەرداری دەرەكی دابنرێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، عەلی سیستانی لەبەیاننامەیەكدا كە لەلایەن نوێنەرەكەیەوە لە وتاری هەینیدا لە كەربەلا خوێندرایەوە جارێكی دیكە ئیدانەی خوێنڕشتنی خۆپیشاندەران و هەروەها زیانگەیاندنی بە ماڵوموڵكی تایبەت و گشتی كرد.

سیستانی داوای لەوانە كرد كە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە زیانیان لێكەوتەوە رێگەی یاسایی بگرنەبەر بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیان و داواشی لە دەزگای دادوەری كردوە لێپێچینەوە لەگەڵ هەمو ئەوانە بكات كە كاری تاوانیان ئەنجامداوە لە هەر لایەك بن.

مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق هیواشی خواستوە لەماوەی دیاریكراوی دەستوریدا سەرۆكی حكومەتی نوێ و ئەندامانی حكومەتەكە دابنرێن بەجۆرێك كە خواستی هاوڵاتیان بێ و بەدور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی.

جەختیشی كردۆتەوە كە مەرجەعیەت نابێتە لایەن لە قسەكردن لەوبارەیەوە و بەهیچ شێوەیەكیش لەپرسی دانانی سەرۆكی نوێی حكومەتدا رۆڵی نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×