بەفر بارین لە دەوروبەری پارێزگای سلێمانی دەستی پێکرد
  2019-12-07       1383       

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما و زستان، پلەکانی گەرما لە شاری سلێمانی و چواردەوری دابەزینیان بەخۆیەوە بینیوە و لەهەندێک ناوچەی شاخاوی چواردەوریش، بەفربارین دەستی پێکرد.

ئاوێنه‌: لەگەڵ ئەوەی لەمساڵدا بەفری سەرەتا درەنگبوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و چواردەوری بەشێوەی پچڕ پچڕ بەفر بارین، ناوچە شاخاوییەکانی گرتەوە.

هاووڵاتیانی شار درەنگانێکی سەرلەبەیانییەکەی هەستیان بە بارینی بەفر کرد کە شاخی گۆیژەی نیمچە سپی کردبوو، بۆیە پەیتا پەیتا خۆیان کۆکردەوە تاکو بچنە نێو یەکەم بەفری ساڵ، بەڵام بارینی بارانێکی بەخوڕ دوای بەفرەکە خۆشی هاووڵاتیان درێژە پێنەدا.

بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرێتی کەشناسی و بوومەلەرزەی سلێمانی بێت، کەشوهەوای رۆژی شەممە ٧ی کانوونی یەکەم، ئاسمان هەور و باراناوییە و لەزۆربەی کاتەکاندا لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان و سەر سنوور تێکەڵ دەبێت.

خێرایی با ١٠-٢٠ کم دەبێت لە سەعاتێکدا، مەودای بینین کەم دەبێتەوە بۆ ٦-٨ کم. نزمترین پلەی گەرما کە لە ناوچە شاخاوییەکان تۆمار دەکرێت ژێر سفری سەدیە.

بەپێی پیشبینیەکانی کەشناسی سلێمانی کەشوهەوای شاری سلێمانی لە رۆژی یەکشەممە ٨ی کانوونی یەکەم بەم شێوەیە دەبێت: ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بارینی باران لەکات و شوێنی جیاجیادا، رێژەکەی لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت، هەروەها بارینی بەفر ناوچە شاخاوییەکان و سەر سنوورییەکان دەگرێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×