٢٠ حاڵەتی ئەنفلۆنزای بەراز له‌ هه‌رێم تۆمامرکراون و سێ کەسیش‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌
  2019-12-30       1753       
وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی: ''هیچ هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەنفلۆنزای وەرزییەوە گیانی لەدەست نەداوە، بەڵام سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووە کە ئەوانیش هاووڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون و هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون و لەمیانی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە کە ئەوانیش یەکێکیان خەڵکی شاری مووسڵ و ئەوەی دیکەشیان خەڵکی قەزای شەرگات و یەکێکی دیکەشیان خەڵکی سووریا بووە''.

ئاوێنه‌: وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی و رێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی پەیدابوونی ئەنفلۆنزای وەرزی ئەنجامدا و دواتر رایگەیاند کە ٢٠ حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای وەرزی تۆمارکراوە و سێ هاووڵاتی دەرەوەی هەرێمن بەهۆی ئەنفلۆنزای وەرزی گیانیان لەدەستداوە.

سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکرد کە ''٢٠ حاڵەتی ئەنفلۆنزای وەرزی (H1N1) لە کوردستان تۆمارکراون و سێ هاووڵاتیش کە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەنفلۆنزاوە گیانیان لەدەستداوە''.

وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێم وتیشی: ''سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەنفلەۆنزای بەراز چەند ساڵێکە نەماوە، ئەوەی ئێستا هەیە ئەنفلۆنزای وەرزییە کە پێێ دەڵێن H1N1 و دوای دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ئەو ئەنفلۆنزایەش، بەدواداچوونمان کردووە و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتی لە پارێزگاکان، پێداگیری ئەوەکراوە کە پێویستە و دەبێت هەڵمەتی خۆپارێزی بەرفراوان دەست پێ بکرێت، چونکە ڤایرۆسێکە لە ھەواوە لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە ئەوەیش ئەنفلۆانزەی وەرزیە و بەراز نییە و مرۆڤی تووشبوو دووچاری ھەوکردنی بەشی سەرەوەی جەستەی واتا سییەکانی دەبێت و کێشەی هەناسەدانیان بۆ دروست دەبێت''.

سامان بەرزنجی وتیشی: ''سێ جۆر ھەنگاومان ناوە بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە ئەوانیش لە ئاستی کارگێریدا، ژووری کردەیی تەندروستی پێکھێنراوە و بۆ خۆپارێزی و چارەسەریش شوێنی جیاکراوە بۆ ئەو نەخۆشیە ھەیە، دوو جۆر رێنمایی دابەشکراوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان و هاووڵاتییانیش''.

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێم ئەوەیشی خستەڕوو کە هیچ هاووڵاتییەکی هەرێم بەم ئەنفلۆنزایە گیانی لەدەست نەداوە، بەڵام سێ هاووڵاتی دەرەوەی هەرێم لەکاتی هاتنیان بۆ هەرێم گیانیان لەدەستداوە و ووتی: ''هیچ هاووڵاتییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەنفلۆنزای وەرزییەوە گیانی لەدەست نەداوە، بەڵام سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووەکە ئەوانیش هاووڵاتییانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون و هەڵگری ڤایرۆسەکەش بوون، لەمیانی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان گیانییان لەدەستداوە کە ئەوانیش یەکێکیان خەڵکی مووسڵ و ئەوەی دیکەش خەڵکی شەرگات و یەکێکی دیکەش خەڵکی سووریا بووە''.

وەزیری تەندروستی باسی لەوەیشکرد کە ئەوانەی کە تووشی ئەم ئەنفلۆنزایە دەبن دەبێت خۆیان دووربگرن لەناو خەڵک و نەچنە شوێنە گشتییەکان و بێتاقەتی و تای بەرز لە نیشانە گرنگەکانی ئەو ڤایرۆسەن و لە ناوەندە تەندروستییەکان پێکوتەی پێویست دابینکراوە بۆ ھەرسێ جۆر ڤایرۆسی وەرزی، ھاووڵاتییان و ئافرەتانی دووگیان دەتوانن وەریبگرن و راشیگەیاند کە دەرمانی پێویست بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان دابینکراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×