هۆشداریی بەپەلە سەبارەت بەڤایرۆسی کرونای چینی
  2020-01-23       949       

هاوکار حسێن



بڵاوبونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە لە ناوچەی وهان-ی چین، تێکڕای پسپۆڕانی تەندروستی و وڵاتانی ئەوروپا و باکوری ئەمریکای خستوەتە حاڵەتی ئیمێرجنسییەوە. تائێستا نزیکەی زیاتر لە 500 حاڵەت لە چین تۆمارکراوە، دوێنێ 9 کەس لەوانە مردن و ئەمڕۆ ژمارەکە بووە 17، واتە نزیکەی لەسەدا 10ی توشبوەکان گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆش ڤایرۆسەکە گەیشتە شاری سیاتڵی ویلایەتی واشنتۆن لە ئەمریکا و کەسێک بەو هۆیەوە گیانیلەدەستداوە. بەڵام هێشتا نازانرێت هۆکار و شێوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە چۆنە، ئەڵمانیا کە لە لوتکەی پێشکەوتنی پزیشکی دایە، خەریکی دیاریکردنی جۆر و شێوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەیە. بەڵام دروستکردنی ڤاکسین بۆ ئەم ڤایرۆسە، نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت.

هەر ئەمڕۆ رێکخراوی تەندروستی نێودەوڵەتی هۆشداری لەبڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە نەزانراوە راگەیاندو دەڵێت، خۆتان بەدووربگرن لەو کەسانەی هێماکانی ئەو ڤایرۆسەیان هەڵگرتوە، وەک کۆکین، پژمین و هەناسەسواریی.

هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 5000 کیلۆمەتر لە چین-ەوە دوورە، زۆر گرنگە بەرپرسان وەک تێکڕای وڵاتان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر تا ئەوکاتەی دۆخەکە کۆنترۆڵدەکرێت، لێرەدا بەسودوەرگرتن لەهەنگاوە بەپەلەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، چەند سەرنجێک دەخەمەڕوو:

یەکەم: توندوتۆڵکردنی چاودێریی هاموشۆی گەشتیاران لەرێگەی فڕۆکەخانەکانەوە، بەتایبەت گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان. لە دنیادا لەهەموو حاڵەتێکی لەمشێوەیە، یەکەمین شوێن کە چاودێریی دەخرێتەسەر فڕگەکانە، چونکە وەک دەرگاو پەنجەرەی وڵات وایە.

دوەم: رێنمایی خۆپارێزیی بۆ هاوڵاتیان لە رێگەی میدیاکانەوە بڵاوبکرێتەوە.

سێیەم: ئەم بابەتە پەیوەندی بە تەندروستی گشتییەوە هەیە، زۆر گرنگە میدیای کوردی بەرپرسانە و ئەخلاقیانە زانیاری دروست بڵاوبکاتەوە، باشترین رێگەش زانیاری لەسەرچاوە عەرەبی و زمانەکانی دیکەی ناوچەکە وەرنەگرن.

چوارەم: واباشترە ئەو کەسانەی نیازی گەشتیان هەیە بۆ چین، گەشتەکەیان هەڵوەشێننەوە، ئەوانەشی لەوێن گرنگە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ کوردستان پشکنینی پێویست بکەن.

هیوادارم هەموو لایەک سەلامەت بن.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×