تەندروستی سلێمانی ژوری عەمەلیاتی بۆ كۆرۆنا پێكهێنا
  2020-02-02       1384       

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بڕیاردراوە بە دروستكردنی ژورێكی عەمالیاتی بەردەوام بۆ پرسی خۆپارێزی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەگەری حاڵەتی توشبونی هەر كەسێك بە ڤایرۆسی كۆرۆناو رێگرتن لە نەخۆشییەكە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتییەكە، ئەمڕۆ یەكشەممە، بەسەرپەرشتی د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و د.هێرش سەلیم جێگری بەڕێوبەری گشتی و د.سەفین ڕەسوڵ بەڕێوبەری بەشی پلان و بەدوداچون و بەئامادەبونی نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەسلێمانی و نوێنەری ئاسایش و وەزارەتی خوێندنی باڵاو بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵ و ڤێرتێنەری سلێمانی و دو پزیشكی پسپۆڕی ڤایرۆس لەناو بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كۆبونەوەیەك بەڕێوەچو.

لەكۆبونەوەكەدا تاوتوێی ڕەوشی تەندروستی بەگشتی و بڵاوبونەوەی  ڤایرۆسی كۆرۆنا لەچین و وڵاتانی جیهان كراو پلان و بەرنامە و كاری نوێ بۆ چۆنێتی ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە لەشاری سلێمانی دانرا.

د. هێرش سەلیم جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتی: كۆبونەوەكە گرنگ بو و تێیدا بڕیاردرا بەدروستكردنی  ژورێكی عەمەلیاتی بەردەوام بۆ پرسی خۆپارێزی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی  پێویست بۆ ئەگەری حاڵەتی  توشبونی هەر كەسێك  بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێگرتن لەنەخۆشیەكە.

هەروەها لە كۆبونەوەكەدا ئەم بڕیارانە دراون:

ڕێوشوێنی خۆپارێزی لەسەر سنور و فڕۆكەخانەكان بگیرێتەبەر و شوێنی مانەوە بۆ گەشتیاران بەتایبەتی ئەوانەی لەچینەوە دێن دروست بكرێت مانەوەیان بۆماوەی 15 ڕۆژ تا دڵنیابون لەسەلامەتیان.

پێدانی رێنمایی لەشێوەی نامیلكە بەگەشتیارانی ناو فڕۆكەخانەكان و كردنەوەی خولی خێرا بۆ كارمەندانی فڕۆكەخانەكان.

رێگرتن لەگەشتكردن بۆ وڵاتی چین و نەهێشتنی  گەڕاندنەوەی گەشتیاران لەچینەوە بۆ سلێمانی تا كاتی تەواوبونی مەترسیەكانی ڤایرۆسەكە.

دروستكردنی هێڵێكی گەرمی تەلەفونی 24 كاتژمێری كە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەكرێتەوە و سەرپەرشتی دەكرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بكەن لەبونی هەر گومانێك و ڕەواندنەوەی گومانەكانیان لەمەترسی توشبون بەحاڵەتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا وهاوشێوەكانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×