یۆڤاڵ نوح هەراری: نەهامەتی گەورەترو ڤایرۆسی ترسناكتر لەكۆرۆنا بەڕێوەیە
  2020-03-20       9340       

ئا: ئاوێنە

 


بیرمەندی ناوداری ئیسرائیلی، یۆڤاڵ نوح هەراری هۆشداری دەدات كە ئەگەر سیستەمی سیاسی‌و كۆمەلایەتی‌و تەندروستی جیهان گۆڕانكاریی ریشەیی بەسەردا نەیەت، ڤایرۆسی ترسناكتر لەكۆرۆنا بەڕێوەیە‌و نەهامەتی گەورەتر چاوەڕوانی دانیشتوانی ئەم هەسارەیە دەكات.



یۆڤاڵ نوح هەراری، بیرمەندی گەورەی جیهانیی تەمەن 44 ساڵ‌و نوسەری كتێبە پڕ فرۆشەكانی "21 وانە بۆ سەدەی 21"و "مرۆڤی ژیر، کورتەی مێژووی ڕەگەزی مرۆڤ"و "مرۆڤەخودا، کورتەی مێژووی سبەی"، كە بەیەكێك لەگەورەترین بیرمەندانی دنیای ئەمڕۆ دادەنرێت، لەوتارێكیدا كە لەڕۆژنانەی "تایم" بڵاویكردوەتەوە ئاماژە بەوە دەكات سەرەنجام زانست بەسەر ئەم جۆرە ڤایرۆس‌و تەنگەژانەدا زاڵ دەبێت، بەڵام ئەگەر بنەما سەرەكیەكانی ژیانی مرۆڤ بەهێز نەكرێت‌و کار بۆ نەهێشتنی هەژاریی‌و دەستەبەرکردنی سیستەمی تەندروستی بۆ هەموان بەیەکسانی نەکرێت، پاش كۆرۆناش قەیرانی ترسناكترو سەختر هەڕەشە لەمرۆڤ دەكات.



هەراری دەڵێت "جیهان لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، روبەڕوی یەكێك لەگەورەترین روداوەكانی مێژوی هاوچەرخ بوەتەوە، تەنانەت دایە گەورەی تەمەن 98 ساڵەی من، كە جەنگی جیهانی بینیوە، ئەزمونی هاوشێوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەبیرنایە. روداوێك كە ئاقیبەت‌و رەهەندی قوڵی ئابوری‌و سیاسی‌و كلتوری بۆ مرۆڤایەتی دەبێت، تا ساڵانێكی درێژخایەنیش، تەنانەت پاش تێپەڕاندنی خودی ڤایرۆسەكەش، كاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت".


هەراری جەغت لەوە دەكات كە بەراورد بەنەهامەتی‌و بەڵا گەورەكانی رابردووی وەك تاعون، كە زیانێكی قورسی بەسەرتاسەری جیهان گەیاند، ئێستا جیهان بۆ بەگژداچونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەڕوی زانستییەوە زۆر ئامادەتر‌و بەئەزمونترە، بەڵام یەكێتی‌و هاودەنگییەكی جیهانی بۆ بەرەنگاربونەوەی نەهامەتی هاوشێوە پێویستە بەدیبێت، لەبەرئەوەی كۆرۆنا دواهەمین كارەسات نابێت كە بەرۆكی دنیا دەگرێت، ئەگەر گۆڕانكارییەكی ریشەیی‌و بنەڕەتی لەهەلومەرجی پڕ لەنایەكسانی ژیان‌و تەندروستیدا بەدینەیەت، ئەوا ڤایرۆسی كوشندەتر لەكۆرۆناو كارەساتی گەورەتر بەڕێوەیە.


ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم جیهانە وەك خێزانێك وایەو دەبێت كەسێكی بەرپرسیار پاراستنی لەئەستۆ بگرێت، ئەمەریكا کە وتی "من چیتر هاوڕێیەكم لەدنیادا نییەو تەنها یەرژەوەندی من بەلای منەوە یەكەم‌و گرنگە"و سەرکردەی زۆربەی وڵاتان سیاسەتێکی پۆپۆلیستانەیان پەیڕەو کرد، ئیتر جیهان بێ خاوەن بو. ئەمەش فاكتەرێكی گرنگ بو بۆ بەجیهانی بونی قەیرانە گەورەكانی وەك بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.


هەراری ئەوەش روندەکاتەوە کە ئەگەرچی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەچینەوە دەستیپێكرد، بەڵام خێرا بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبۆوە، بێ ئەوەی كە ولاتانی زیانلێكەوتو هاوكارییەكی هەمەیەلانەیان هەبوبێت‌و تێبكۆشن بەهاوكاری یەكتر بەسەر ئەم بەڵا گەورەیەدا زاڵ بن، لەكاتێكدا چارەنوسی هەمو جیهان زیاد لەهەر سەردەمێک بەیەكەوە شەتەک دراوە.


سەبارەت بەو رەخنانەش کە لەپرۆسەی جیهانگیریی دەگیرێت‌و بەهۆکاری بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسەی دەزانن، هەراری دەڵێت "پەتا بڵاوەكان زۆر بەر لەپرۆسەی ئێستای جیهانگیریی، ملیۆنەها مرۆڤیان قڕ کردوە، لەسەدەی 14دا كە هێشتا فڕۆكە دانەهێنرابو، نەكەشتی گەشتیاریی‌و نەشەمەندەفەر هەبون، تاعون‌و مەرگی رەش لەماوەی 10 ساڵدا لەرۆژهەڵاتی ئاسیاوە تا رۆژئاوای ئەوروپا بلاوبۆوەو بوە هۆی مردنی 75 ملیۆن تا 200 ملیۆن مرۆڤ. لەبەریتانیا لەهەر 10 كەس 4 كەسیان مرد. لەشاری فلۆرەنسای ئیتالیا 50 هەزار كەس لەكۆی 100 هەزار كەسی دانیشتوانەكەی گیانیان لەدەست دا".


هەراری باس لەوە دەكات كە ئامڕازی گرنگی بەرەنگاربونەوەی ئەو پەتایانە بەدرێژایی چەندین سەدە تەنها نزاو پاڕانەوەی بەكۆمەڵ بو لەپەرستگاو لەبەردەمی پیاوانی ئاینیدا، بەڵام دوعاو پاڕانەوە دادی نەدا تا سەرەنجام زانایان‌و پزیشكان لەسەرتاسەری جیهاندا لەڕێگەی كۆكردنەوەو گۆڕینەوەی زانیارییانەوە توانییان رێگەچارەی ئەم پەتایانە بدۆزنەوە.


ئەو دەڵێت "ئەگەر لەسەدەكانی ناوەڕاستدا خەڵكی هەرگیز نەیانتوانیبێ‌ تێبگەن كە چ شتێك فاكتەری مردنیان‌و بلاوبونەوەی ئەو پەتا رەشە بوبێت، ئەوا زانایانی سەردەمی ئێستا لەماوەی دو هەفتەدا ڤایرۆسی كۆرۆنایان دەستنیشان كرد".


هەراری جەغت لەوە دەكات كە لەبەگژداچونەوەی ڤایرۆسی كرۆنادا، ئێستا مرۆڤایەتی خاوەنی سەركردایەتییەكی بەرپرسیار نییە‌و تەنها رێگەی زاڵبونیش بەسەر قەیران‌و تەنگەژەی هاوشێوەدا لەساڵانی ئایندەدا، پێویستی بەچارەسەری راستەقینەی ئازارەكانی خەڵكی هەموو جیهانە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە زۆربەی سیاسەتمەداران تەنانەت لەترۆپكی ئەم قەیرانی كۆرۆنایەشدا، هێشتا هەر بیر لەكۆنترۆڵ كردنی هەرچی زیاتری میللەتان دەكەنەوە.


ئەم بیرمەندە پێیوایە بەگژداچونەوەی هەژاری‌و بەرزكردنەوەی ئاستی سیستەمی تەندروستی هەموو وڵاتان بەیەكسانی، گرنگترین كارە كە سەركردەكانی جیهان بیكەن بۆ ئەوەی رێگە لەنەهامەتییەكانی داهاتو بگرن.


هەراری دەڵێت "هەموان لەسەرتاسەری جیهان پێویستە دەستیان بەژیانێکی شایستەو سیستەمێکی تەندروستی بەهێز بگات، ئەگەر لەتاران خەڵكی دەستکورتی گەڕەكە هەژارنشینەكان دەستیان بەدەرمان‌و سیستەمێکی تەندروستی‌ ئابڕومەندانە نەگات‌و لانیكەمی خۆشگوزەرانیان بۆ نەڕەخسێت، ئەوا كاریگەری لەسەر چارەنوسی یەک بەیەکی ئەودوای خەڵكی جیهان دەبێت لەهەر شوێنێكی ئەم دنیایەدا بن".


بەبڕوای هەراری، سەرهەڵدانی كۆرۆنا یەكێك لەپەیامەكانی هەژاری‌و نەبونی توانای دەرمانی‌و پزیشكی تەواو بووە لەچیندا. رێگەچارەی ئەم قەیرانانەش لەهەموو وڵاتاندا بەدیدی ئەو بریتییە لەوەی سیستەمی تەندروستی بەخۆڕایی یان زۆر هەرزان بێت‌و تەندروستی خەڵكی لەهەموو شوێنێكی جیهان بێ‌ جیاوازی دەستەبەر بكرێت‌و هەوڵ بۆ وشک کردنی رەگ‌و ریشەکانی هەژاری بدرێت.


هەراری ئەوە روندەكاتەوە كە ئەگەر جیهان خاوەنی یەك سیستەمی بەڕێوەبردن بوایەو سیاسەتمەداران تەنها سودی وڵاتی خۆیان لەبەرچاو نەگرتایە‌و ئەگەر سەركردایەتییەکی جیهانیی كارا لەگۆڕێدا بایە، بەرەنگاربونەوەی نەهامەتیەیكانی وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر ئاسانتر‌و ئەنجامی باشتری دەبو.


بەبڕوای ئەو چارەسەر هەڵچنینی دیواری بەرز‌و سنورداركردنەوەی بازرگانی‌و هاتوچۆ كردن نییە لەنێوان وڵاتاندا، هەرچەندە كەرەنتینە كردن‌و داخستنی سنورەكان بۆ رێگرتن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گرنگە لەكورت ماوەدا، بەڵام خۆ گۆشەگیر کردن بۆ ماوەیەكی درێژخایەن هەرەسهێنانی ئابوری‌ لێدەكەوێتەوەو هیچ وڵاتێكیش ناتوانێت بەتەنها پارێزگاری لەهاوڵاتییەكانی بكات لەبەرامبەر پەتاو ڤایرۆسە كوشندەكاندا.


ئەو دەڵێت "سەدەی 21، سەدەکانی ناوەڕاست‌و سەردەمی هەڵچنینی دیوار نییە، بەڵکو پێویستی بەهاوكاری نێودەوڵەتییە، ئەگەر بێمتمانەیی لەنێوان مرۆڤەكان‌و وڵاتان‌و میللەتاندا دروست ببێت گەورەترین سەركەوتن دەبێ‌ بۆ ئەم ڤایرۆسە".


هەراری ئاماژە بەوە دەکات داخستنی ئێستای سنوری نێوان وڵاتان بەمانای هاوكاری نەكردنی یەكتر نییە، بەڵکو گرنگ گۆڕینەوەی زانیاری‌و ئەزمونی هاوبەشی زانستییە، ئەو خاڵە پۆزەتیڤەی پزیشكێك لەمیلانۆی ئیتالیا دۆزییەوە بۆ چارەسەری نەخۆشەكان، خێرا كاریگەری لەسەر رزگاركردنی ژیانی مرۆڤێكی تر دەبێت لەشوێنەكانی دیكەی جیهان، ئەو خاڵانەی كە چین‌و كۆریای باشور لەمانگەكانی رابردودا لەدەست‌و پەنجە نەرم كردن لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا فێری بون، ئێستا لەئیسپانیا‌و ئەمەریكاو لەهەر شوێنێكی دیكەئ ئەم جیهانەدا سەرمەشقن.


هەراری دەڵێت "بەدڵنیایی كۆرۆنا كۆتایی بەنەوەی مرۆڤ ناهێنێت، بەڵام ئەگەر بیر لەهاوكاریی لەئاستی جیهان‌و وشك كردنی رەگ‌و ریشەكانی هەژاری‌و دەستەبەر نەكردنی سیستەمێکی بەهێزی تەندروستی بۆ هەموان نەكرێتەوە بێ‌ جیاوازی، ڤایرۆسی كوشندەتر لەکۆرۆنا چاوەڕوانمانە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×