وڵاتانی سعودیە و عێراق و میسر و ئیمارات بەدەست کۆرۆناوە دەناڵێنن
  2020-03-25       786       
ژمارەی قوربانیان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەریەک لە وڵاتانی سعوودیە و عێراق و میسر و ئیمارات بەرزبوویەوە.

ئاوێنه‌: لە سعوودیە دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) تۆمارکرا و ژمارەی تووشبووانیش بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە بەرزبوویەوە و گەیشتە ٩٠٠ کەس، هەروەها ٢٩ نەخۆشیش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە.

حکوومەتی سعوودیە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەیەک رێکاری نوێی گرتەبەر لەوانە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری سەرەکی وڵاتدا.

هاوکات قەدەغەی چوون بۆ شارەکانی ریاز و مەککە و مەدینە و بە پێچەوانەوە، راگەیەنراوە.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستیی و دانیشتووانی میسر رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٢١ کەس.

وەزیری تەندروستیی و دانیشتووانی میسر، هالە زاید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ٤٠ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا دەستنیشانکرا، بەمەش ژمارەی تووشبووان گەیشتە ٤٤٢ کەس کە لەو ژمارەی ٩٣یان چاکبوونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا دوو حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٢٩ کەس، هەروەها تۆمارکردنی ٣٠ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە، بەمەش ژماری تووشبووان بە ڤایرۆسەکە بەرزبوویەوە و گەیشتە ٣٤٦ حاڵەت کە لەو ژمارەیە ٨٩یان چاکبوونەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەو دوو کەسەی بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان لە پارێزگای کەرکووک و ئەوەی دیکە لە پارێزگای بابل بووە.

هاوکات لە ئیمارات ٨٥ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19) تۆمارکرا، بەمەش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا گەیشتە ٣٣٣ کەس.

بەپێی راگەیەنراوی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستیی ئیمارات کە لەبارەی کۆرۆناوە بڵاودەکرێتەوە، لەو ٨٥ حاڵەتەی کە ئەمڕۆ تۆمارکراوە، حەوتیان هاووڵاتیی ئەو وڵاتە بوونە و ئەوانەی دیکەی هەڵگری رەگەزنامەی جیاجیان.

ئاماژە بەوەشدراوە کە حەوت نەخۆش بە تەواوەتی چاکبوونەتەوە و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە، گەیشتە ٥٢ کەس.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×