مەلا كرێكار رادەستی ئیتاڵیا كرا
  2020-03-26       2762       

وەزیری دادی نەرویج رایگەیاند: مەلا كرێكار، ئەمیری پێشوی ئەنسار ئیسلام، لەلایەن وڵاتەكەیەوە رادەستی ئیتالیا كراوەو لەئێستادا لەو وڵاتەیە.

 

ئاوێنە: پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە، خالید رەنجدەر، برای مەلا كرێكار، لە هەژماری خۆی لەفەیسبوك رایگەیاند "كەمێك پێش ئێستا وەزیری دادی نەرویج ڕایگەیاند کە مامۆستا کرێکاریان ڕەوانەی ئیتالیا کردوە و ئێستا لە ئیتالیایە."

 

بەگوێرەی قسەی خالید رەنجدەر "ڕۆژنامەکانی نەرویج نوسیویانە کە نەیانهێشتوە مەلا كرێكار خواحافیزی لەخێزانەکەشی بکات".

 

هەر بەپێی قسەی خالید رەنجدەر، ئەمڕۆ پارێزەرەكەی مەلا كرێكار رەخنەی لە بڕیارەكەی نەرویج بۆ رادەستكردنی ناوبراو بەئیتاڵیا گرتوەو وتویەتی"خۆم دەچم بۆ ئیتاڵیا و لەگەڵ پارێزەکەی لەوێ ئەچمە دادگای ئەو وڵاتە".

 

مۆنیکا مایلاند، وەزیری دادی نەرویج ئەمڕۆ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "چیتر مەلا کرێکار لەنەرویج نییەو گواستراوەتەوە بۆ ئیتالیا".

 

راشیگەیاند "دڵنیایی لەکاربەدەستانی ئیتالیا وەرگرتوە کە ئاگایان لەکرێکار دەبێ‌و دەیپارێزن لەتوشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئێستا بەتوندی ئیتالیای گرتوەتەوە". 


مەلا کرێکار (نەجمەدین فەرەج کەریم) لەلایەن دادگای ئیتالیاوە حوکمی ١٢ ساڵ زیندانی کردنی بەتۆمەتی پلاندانان بۆ کاری "تیرۆریستی" بەسەردا دراوە.

 

بەبۆنەی گواستنەوەی مەلا کرێکارەوە بۆ ئیتالیا، ئێوارەی پێنج شەممە، ژمارەیەک لەسیاسەتمەدارانی نەرویجی کۆبونەوەو ئاهەنگیان گێڕا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×