عەدنان زورفی: مانگی داھاتو حکومەتی عیراق نیوەی موچەی موچەخۆرانی پێ دابین ناکرێ
  2020-04-07       1351       
عەدنان زورفی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عیراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو حکومەتی عیراق نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی پێ دابین ناکرێ.

ئاوێنە: عەدنان زورفی، شەوی رابردوو، لە دیمانه‌یه‌كدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعێراقیە رایگەیاند: "مانگی داهاتوو حکومەت نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی پێدابین ناکرێت، چونکە داهاتی نەوت کەمبووە، وەک وەزیری نەوت رایگەیاند عیراق ئێستا نەوتەکەی بە زەرەر دەفرۆشێت".

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "لەپاڵ ئەمە، عیراق قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی لەسەرە، کە سوویان دێتە سەر، لەپاڵ ئەوەی خەرجیی سەروەریی هەیە کە دەبێت دابینیان بکات و ناکرێ دوابخرێن، ئەمە جگە لە قەرەبووی فەرمانبەران".

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو خەرجی و داهاتەکانی حکومەتی ئاشکرا کرد و وتی: "لەگەڵ قەرەبووی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەکان، عیراق مانگانە پێویستی بە چوار تا پێنج تریلیۆن دینار هەیە، کەچی هەموو داهاتی ئەم مانگەمان ناگاتە دوو تریلیۆن، رەنگە کەمتر لە دوو تریلیۆنیش بێت".

سەبارەت بە دامەزراندنی فەرمانبەرانیش بە تایبەتی لەلایەن وەزارەتی کارەباوە، زورفی وتی: "دامەزراندنی 90 هەزار کەس لە وەزارەتی کارەبای عیراق بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی گاڵتەکردنە بە خەڵکی".



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×