وه‌زیری‌ تەندروستی‌: داواکارین رێکاریی یاسایی توند بگیرێتەبەر به‌رامبه‌ر کەناڵی NRTو كه‌ناڵه‌كه‌ دابخرێت
  2020-04-07       926       

وەزیری‌ تەندروستی حكومه‌تی‌ هەرێمی‌ كوردستان نوسراوێك ئاراسته‌ی‌ داواكاری‌ گشتی‌ ده‌كات داوا ده‌كات رێکاریی یاسایی توند بگیرێتەبەر به‌رامبه‌ر کەناڵی NRTو كه‌ناڵه‌كه‌ دابخرێت.

ئاوێنه‌: لەنوسراوێکدا کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری‌ تەندروستی لەسەرە هاتووە، "کەناڵی NRT لەرێکەوتی ٥ی ٤ی ٢٠٢٠ راپۆرتێکی سەبارەت بەئاماری توشبووان و گیانلەدەستدانی نەخۆشی کۆرۆنا کرد لە هەرێمی کوردستان، لەراپۆرتەکەدا وەزارەتی تەندروستیی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە راستییەکان دەشارنەوەو بەهەڵە ئامارەکان رادەگەیەنن بۆ مەرامی خۆیان بەتایبەت پێنەدانی موچە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە نەخۆشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە بێ ئەوەی پشت ببەستێ بە هیچ سەرچاوەیەکی زانستی پزیشکی."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستیی ئەم راپۆرتە بە چەواشەکاری و ناڕاست دەزانین هۆکارێکە بۆ هاندانی خەڵک بۆ پیشێلکردنی سەرجەم رێکار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی و شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ."

وەکو لەنوسراوەکەدا هاتووە، "داواکارین رێکاری یاسایی توند بگیرێتەبەر بە داخستنی کەناڵی NRT و هەواڵەکردنی بۆ دادگا بۆ ئەوەی رێگە بگیرێت لە کەناڵی ناوبراو کە لە کات و ساتێکی وا هەستیار و ترسناک یاری بە ئامارەکان نەکات و ببێتە هۆکارێک بۆ پێشێلکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی".

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×