مامەڵەی ئۆتۆمبێل بەتەواوی وەستاوە
  2020-05-09       1653       

لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئۆتۆمبێل لەشاری سلێمانی مامەڵەکردن بەتەواوی ڕاوەستاوەو کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل وەستاوە.

ئاوێنە، زریان محەمەد: هاوکار سالار، مامەڵەکاری ئۆتۆمبێل لەشاری سلێمانی بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"لەدوای بڕیاری کردنەوەی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل بەتەواوی خواست لەسەر کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ڕاوەستاوە، ئەمەش بەهۆی ناسەقامگیری ڕەوشی سیاسی و پێنەدانی موچە کە تائێستا دیارنیە دابەشکردنی موچە لەئایندەدا چۆن دەبێت بۆیە خەڵکی نایانەوێت پارەکانیان لە کڕینی ئۆتۆمبێل خەرجبکەن تا بەرچاویان ڕون نەبێت".

راشیگەیاند" لەوەتی بازاڕەکان کراوەتەوە بە دو رۆژ جارێک گرێبەستێک ئەنوسین کە لە پێشتردا ڕۆژ هەبوە چەند گرێبەستێکمان نوسیوە کە ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییە بازاڕ وەستاوە".

ناو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل هەمو جۆرە ئۆتۆمبێلێک لەخۆدەگرێت بەهەمو نرخێک مامەڵەی پێوە دەکرێت بەپێی خواستی کڕیار ئۆتۆمبێل دەستدەکەوێت، هاوڵاتیان دێن و دەچن بەناو شەقامی پێشانگاکانداو تەماشای ئۆتۆمبێل دەکەن و لەنرخەکانیان دەپرسن بەڵام کڕیار کەمە.

ئەردەڵان ئەحمەد، مامەڵەکاری ئۆتۆمبێل بە ئاوێنەی وت"خەڵک ڕۆژانە دێنە ناو پێشانگاکان سەیری ئۆتۆمبێل دەکەن لەنرخەکانیان دەپرسن بەڵام مامەڵەکردن زۆر کەمە بازاڕ ڕاوەستاوە ئەو مامەڵە نییە کە دەشکرێت، لەنێوان مامەڵەکارانی ناو پێشانگاکانە هاوڵاتیان زۆر بەکەمی ئۆتۆمبێل دەکڕن".

وتیشی"ترسی هاوڵاتیان لەدواکەوتنی موچەیە کە نایانەوێت هیچ مامەڵەیەک بکەن، بەشێک لە هاوڵاتیانیش کە فەرمانبەرن بۆتە هۆی دواکەوتنی قستەکانیان بە خاوەن فرۆشیارەکانی پێشانگاکان کە دەیان ناسن و ئۆتۆمبێلیان بە قیست پێداون".

ئەوەش ڕوندەکاتەوە"ئەم ماوەیە بەتەواوی بازاڕ وەستاوە و مامەڵەدن زۆر خراپە بەچەند ڕۆژێک ئینجا مامەڵەیەک یان دو مامەڵە بکرێت".

بەشێک لە هاوڵاتیان دەچنە ناو پێشانگاکان لەنرخی ئۆتۆمبێل دەپرسن بەڵام مامەڵەی ناکەن و نایکڕن تەنها نرخ دەپرسن.

سەفین جلال، یەکێک لەو هاوڵاتیانەی لەناو پێشانگاکانی سلێمانی دەگەڕا و پرسیاری ئۆتۆمبێلی دەکرد بە ئاوێنەی وت"نرخی ئۆتۆمبێل وەک خۆیەتی هەندێکیشی گران بوە بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بەشەحن دەهاتن و چەند پارچەیەکیان بۆیاغ بو چونکە ئێستا ڕێگە بەهاتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە نادرێت".

لەئێستادا بازاڕی ئۆتۆمبێل ڕاوەستاوە و مامەڵەکردن خاوبۆتەوە و ئەمەش وایکردوە کەمترین مامەڵەی ئۆتۆمبێل بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×