خەسرەو گۆران: یەکێتی بەبڕیاری حیزب دیلەکانی داعشی‌ ڕادەستی ئیداره‌ی‌ كه‌ركوك كردووه‌
  2020-05-22       943       
خەسرەو گۆران
خەسرەو گۆران ڕه‌خنه‌ له‌یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ده‌گرێت له‌به‌رامبه‌ر ڕاده‌ستكردنی‌ ژماره‌یه‌ك دیلی‌ داعش به‌ئیداره‌ی‌ كه‌ركوك‌و ده‌ڵێت، وەزارەتی ناوخۆ دیلەکانی قاعیدەی بەیاسا ڕادەستی موسڵ کردووە، نەک وەکو یەکێتی بەبڕیاری حیزب.

ئاوێنه‌: ڕادەستکردنەوەی 176 زیندانیکراوی تۆمەتبار بەتیرۆر لەلایەن یەکێتییەوە بەئیدارەی کەرکوک، مشتومڕەکانی نێوان پارتی‌و یەکێتی-یان گەرمتر کردەوە، پارتی ڕەخنە لەو هەنگاوەی یەکێتی دەگرێت، یەکێتیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پارتیش پێشتر هەمان هەنگاوی ناوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ خەسرەو گۆران، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ده‌نگی‌ ئه‌مریكای‌ ڕاگه‌یاندووه‌، "پارتی کێی بەرداوە؟ کوا بەڵگە؟ گەر نەتوانیت بەرگری لەخۆت بکەیت، حەتمەن تۆمەت بۆ لایەنی بەرامبەر هەڵدەبەستیت، ئەوەی داعش بەسەر کوردی هێنا کارەسات بوو، تائێستاش خوشکانی ئێزدیان لاماوە، پێشمەرگەی دیلیان کوشتووەو سەربڕیووە، زۆر هەڵەیە مێژووی خۆمان لەبیر بکەین، بەئاسانی تاوانبارەکان ڕادەستی عەرەبی شۆڤێنی بکەین."

سەبارەت بەوەی کە بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن، پرۆسەکە لەلایەن حکومەتەوە و بەنێوەنگیری حیزب کراوە، بەرپرسەکەی پارتی جەختیکردەوە، "کاک قوباد جێگری سەرۆک وەزیرانە، گەر ئاگادار بایە، خۆ دەبوو مەسەلەکەی پێشوەخت لەنێو ئەنجومەنی وەزیران یان لەگەڵ خودی سەرۆکی حکومەت باسکردبا."

خەسرەو گۆران ئاماژەی بەوەکردووه‌ كه‌ ڕادەستکردنەوەی 176 تۆمەتبارەکەی تیرۆر بڕیارێکی تەواو حیزبی بووە، گەر هەرێم شتێکی وای بکردایە، لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە دەیکرد.

راشیگه‌یاندووه‌، "من پێشتر لەموسڵ جێگری پارێزگار بوم، ماوە ماوە وەزیری ناوخۆ تەلەفۆنی بۆ دەکردم، دەیگوت: ئەوەندە دیلی قاعیدەی موسڵمان لایە، بەڵگەو زانیاریمان نیە لەسەریان، کاتی خۆی ئەمەریکاییەکان ڕادەستیان کردووین، ئێمە ڕادەستی ئێوەی وەکو حکومەتی موسڵ دەکەین، ئاوا کار دەکرێ، نەک وەکو ئەوەی ڕوویدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×