سیامەند موعینی و زیلان ڤەژین بە هاوسەرۆکی پژاک هەڵبژێردرانەوە
  2020-06-02       949       

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک کۆنگرەی شەشەمی خۆی بەست و ڕاپۆرتێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، هەریەک لە سیامەند موعینی و زیلان ڤەژین-یش بە هاوسەرۆک هەڵبژێردراتەوە.

ئاوێنه‌: ڕۆژی ١٠ و ١١ی مانگی ئازاری ڕابردووی ئەمساڵ پژاک شەشەمین کۆنگرەی خۆی بە دروشمی "بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتی بەرە و یەکێتی دیموکراتیی گەلانی ئێران" لە چیاکانی کوردستان بەست کە تیایدا خەبات و تێکۆشانی سێ ساڵەی پژاکی لە چوارچێوەی بۆچوون و ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆدا خستە بەر باس کە دەبنە هۆی کرانەوە لە ڕەوتی خەباتی داهاتوودا.

بەپێی ڕاپۆرتی پژاک کە لەبارەی کۆنگرەکەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی پژاک کە بە گشتی لە ١٦ کەس پێکدێت، لە کۆنگرەکەدا هەڵبژێردراون و بە زۆرینەی دەنگیش هەریەک لە هەڤاڵان سیامەند موعینی و زیلان ڤەژین بۆ دووەمین جار وەک هاوسەرۆکایەتی پژاک ئەرکدار کران.
 
ڕاپۆرتەکە دەڵێت: پێداچوونەوە بە خەباتی هەموو کۆمیتە و دامەزراوەکانی پژاک کراوە و ئامانجی سەرەکی شۆڕشی ڕزگاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیموکراتیزەکردنی ئێران، جەخت و پێداگری لەسەر کراوە.

هەروەها دەڵێت: لە پێناو تێکشکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی، چالاکانە تێدەکۆشن و پارادایم و پرۆژەی رێبەر ئاپۆ دەکەنە بنەمای تێکۆشانی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا بونیادنانی خۆ بەڕێوبەری دیموکراتیکی گەلان وەک رێگای دەرکەوتن لە قەیرانی هەنووکەیی دەزانن.

پژاک یەکێتی نەتەوەیی گەل بە تەوەری سەرەکی تێکۆشانی خۆی دەزانێ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو، ئامادەیی خۆیشی بۆ خەباتی هاوبەش و یەکێتی گەلانی ئێران لە پاڵ هەموو جیاوازییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی دەردەبڕێت
.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×