هیومان رایتس ۆوچ داوا لە ئێران دەكات خوێندكارانی نێو زیندانە تاكەكەسییەكان ئازادبكات
  2020-06-08       446       
عەلی، یونسی، یەكێك لە خوێندكارە دەستگیركراوەكان.

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند: بەرپرسانی ئێران نزیكەی دو مانگە دو خوێندكاری زانكۆیەكی تارانیان لە زیندانی تاكەكەسیدا دەستبەسەركردوە. رێكخراوەكە داوا دەكات ئەو دو خوێندكارە دەستبەجێ ئازادبكرێن.

ئاوێنە: خوشكی یەكێك لەو دو خوێندكارە بە رێكخراوەكەی راگەیاندوە كە برا 20 ساڵانەكەی لە 10 نیسانی ئەمساڵ لە شەقامێكی تاران دەستگیركراوەو دواتر بە دەموچاوی خوێناوییەوە هێنراوەتەوە ماڵەوە تاوەكو كەلوپەلەكانی بپشكنرێن.

بەپێی قسەی خانەوادەی ئەو خوێندكارە، خوێندكارەكەی دیكەی هاوڕێی، كە ئەویش تەمەنی 20 ساڵانە، لە هەمان رۆژدا دەستگیركراوە.

هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەداوە كە رۆژی 5ی مانگی رابردو، غولام حسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، بەبێ هیچ بەڵگەیەك ئەو دو خوێندكارەی بە بونی پەیوەندی لەگەڵ گروپەكانی دژبە رژێمی ئێران لەوانە موجاهدینی خەلق و ئەنجامدانی كاری تێكدەرانە، تۆمەتباركردوە.

مایكڵ پیج، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هیومان رایتس ۆوچ، بەرپرسانی ئێران پێشینەیان هەیە لە كردنە ئامانجی ئەوانەی بەرهەڵستكاری دەوڵەتی ئێرانن بە تۆمەتی پوچ.

وتوشیەتی: دوای نزیكەی دو مانگ، هێشتا دەسەڵاتدارانی ئێران بچوكترین بەڵگەیان دژ بەو دو خوێندكارە نەخستۆتەڕو.

جەختیشی كردەوە كە زیندانیكردنی تاكەكەسی درێژماوە، دەستڕانەگەیشتن بە پارێزەر و بونی مێژویەك لە دانپێدانانی ناچاری لە بواری دەسەڵاتی دادوەری ئێراندا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هیچ ئەگەرێك نییە كە مافی دادگاییكردنێكی عادیلانەی ئەو دو خوێندكارە رەچاوبكرێت.

خانەوادەی یەكێك لە خوێندكارەكان ئەو تۆمەتانەی رەتكردۆتەوە كە دراوەتە پاڵ خوێندكارەكە.

برایەكی یەكێك لە خوێندكارەكان رۆژی 21ی نیسان لە توێتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كەلە كاتی دەستگیركردنیدا، زۆر بە توندی لە براكەیان داوە.

مایكڵ پیج وتویەتی: دەستگیركردن و هێشتنەوەی ئەو دو خوێندكارە لە زیندانی تاكەكەسیدا بۆ ماوەی دو مانگ و بەبێ هیچ بەڵگەیەكی دیار، لە هەر كاتێكدا نالۆژێكییە، بەڵام لەكاتی بڵاوبونەوەی كۆرۆنادا، نیگەرانییەكان زیاتر دەكات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×