ئەنجامی گەڕی یەكەمی گفتوگۆی ستراتیژی: ئەمریكا هێزەكانی لەعێراق كەمدەكاتەوە
  2020-06-12       688       

بەپێی بەیاننامەی هاوبەشی هەردو حكومەتی ئەمریكاو حكومەتی عێراقەوە بە بۆنەی دەستپێكردنی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات، ئەمریكا لەماوەی چەند مانگی داهاتودا ژمارەی هێزەكانی لە عێراق كەمدەكاتەوەو هاوكاری عێراق دەكات لەو قەیرانە ئابورییەی تێیكەوتوەو پشتیوانی هەوڵەكانیشی دەكات بۆ ئەنجامدانی چاكسازی.

ئاوێنە: بەگوێرەی بەیاننامە هاوبەشەكە كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بڵاوكراوەتەوە، گفتوگۆ ستراتیژییەكەی تیمی ئەمریكی بە سەرۆكایەتی دەیڤید هیڵ، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی لەگەڵ تیمی عێراقی بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم هاشم، جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق كە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە دەستی پێكردوە، تێیدا پرسی ئەمنی، پرسی دژایەتی تیرۆر، ئابوری و وزە و پرسە سیاسییەكان و پەیوەندییە كلتورییەكان تاوتوێ كراون.

هەروەك بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا جەختی لەسەر رێزگرتن لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق و هەروەها رێزگرتن لەو بڕیارانە كردۆتەوە كە لە پەیوەست بەم پرسەوە لەلایەن دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێكردنی عێراقییەوە دەردەچن.

هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتوە:  لەسایەی ئەو پێشڕەوییەی دیارەی بۆ رزگاربون لە هەڕەشەی داعش بەدەستهاتوە، ئەمریكا لەماوەی چەند مانگی داهاتودا بەردەوام دەبێت لە كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی لە عێراق و هەروەك بەردەوامیش دەبێت لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق سەبارەت بە دۆخی ئەو هێزانەی كە دەمێننەوەو هەردو وڵات هێزەكانیان بەرەو سەرنج خستنە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكی ئەمنی دوقۆڵی ئاڕاستە دەكەن كە بنەماكەی بەرژەوەندی دولایەنەی بەهێز بێت.

هەروەها ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوپاتیكردۆتەوە كە داوای بنكەی سەربازی یاخود بونی سەربازیی هەمیشەیی لەعێراق ناكات هەروەك ئەوەی لەچوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژی ساڵی 2008دا رێككەوتنی لەسەر كراوە.

بەپێی بەیاننامەكە حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە پارێزگاری لە هێزە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بكات كە لەنێو خاكی عێراقدان بەشێوەیەك كە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكاندا بێتەوە.

هەروەك ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ عێراق و حكومەتە نوێیەكەی دوپاتكردۆتەوەو هەردولا جەختیشیان لە گرنگی هاوكاریكردنی عێراق كردۆتەوە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییە حكومییەكەی.

هەروەها ئەمریكا جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانی عێراق كردۆتەوە لە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەوڵەكانی بۆ سەروەركردنی یاسا، مافەكانی مرۆڤ و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان.

لەڕوی ئابوریشەوە بەپێی بەیاننامەكە ئەمریكا باسی لەوە كردوە كە چەند راوێژكارێكی ئابوری بداتە عێراق كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ كار لەگەڵ حكومەتی عێراق بكەن.

هەروەها هەردو حكومەت تاوتوێی ئەو پڕۆژە گریمانەكراوانەی وەبەرهێنانیان كردوە كە دەكرێت كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كەرتی وزەو بوارەكانی دیكەدا لەعێراق ئەنجامی بدەن.

بەیاننامەكەی ئاماژەی داوە بە پێشوازی ئەمریكا لە دەرفەتی سەرلەنوێ جەختكردنەوە لە شەراكەت لەگەڵ عێراق و بەهێزكردنی ئەو شەراكەتە لەگەڵ دەستپێكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بە كارەكانی.

لەكۆتاییشدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هەردو حكومەت لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی بۆ گفتوگۆی ستراتیژیدا دەچنە گفتوگۆی چڕترەوە لەسەر ئەم بابەتانە، كە بڕیارە كۆبونەوەكە لەمانگی تەمموزدا لە واشنتۆن بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×