وەزیری دارایی: لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەغدا دەگەینە رێككەوتن
  2020-06-14       775       

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان گەشبینی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەوەی كە لەماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەغدا بگەن بە رێكەوتن و كێشەكان لە ریشەوە چارەسەر بكەن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێكەوتی (14/6/2020)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی كرد لە هاكان كاراچای، كونسوڵی گشتی كۆماری توركیا لە هەولێر و وەفدێكی یاوەری. 

لە كۆبونەوەكەدا باسیان لە پەیوەندی ئابورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردو لەمیانی كۆبونەوەكەدا ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند: ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی مێژویمان هەیە لەگەڵ توركیادا.

وتیشی: دەمانەوێ لە ڕوی ئابوریەوە پەرە بە پەیوەندییەكانمان بدەین و پێشوازی دەكەین لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی توركیا، بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمدا، چونكە لە هەرێمدا ژینگەیەكی باشی وەبەرهێنان ھەیە لەسەرجەم کەرتە ئابوریەکاندا. 

ئاوات شێخ جەناب لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێرو بەغدا وتی"قوڵایی ستراتیجی هەرێم لەم كابینەیەدا بەغدا بوە، بۆیە دەمانەوێ گرفتەكان لەگەڵ بەغدا لە ڕیشەوە چارەسەر بكەین."

وەهەروەها وتیشی"گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەغدا بگەین بە ڕێككەوتن."

لای خۆیشییەوە كونسوڵی توركیا ڕایگەیاند"هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان برا و خوشكی ئێمەن، ئێمەش دەمانەوێت پەیوەندییە ئابورییەكانمان لەگەڵ هەرێمدا پەرەپێبدەین."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×