سوهام موسەوی: وەزارەتی تەندروستیی ناتوانێت رەوشی سەرجەم تووشبووانی كۆرۆنا كۆنترۆڵ بكات
  2020-06-16       460       

سوهام موسەوی، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی و ژینگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی تەندورستیی ناتوانێت رەوشی سەرجەم تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) كۆنترۆڵ بكات، چونكە توانای ئەو وەزارەتە سنووردارە.

ئاوێنه‌: سوهام موسەوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ئەمڕۆ بەرپرسیاریەتییەكە تەنها لە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستییدا نییە، چونكە توانای ئەو وەزارەتە بە بەراورد بە دامەزاروە تەندروستییەكانی وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان سنووردارە كە بەرامبەر بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، هەرەسەیان هێناوە.

ئەندامی لیژنەی تەندروستیی و ژینگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سوهام موسەوی روونشی كردەوە كە ئەمڕۆ بەپرسیاریەتییەكە زیاتر دەكەوێتە سەرشانی هاووڵاتییان، بەوەی کە دەبێت رێنماییەكانی خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و خێزانەكانیان بە باشی جێبەجێ بكەن و وتی، “وەزارەتی تەندروستیی ناتوانێت رەوشی سەرجەم تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) كۆنترۆڵ بكات، چونكە توانای وەزارەتەكە سنووردارە و جگە لەوەیش خەرجی پێویستی لە بەردەستدا نییە”.

ناوبراو ئاشكرایشی كردووە، ئەگەر رەوشەكە لەژێر كۆنترۆڵدا دەربچێت، ئەوا وەزارەتی تەندروستیی، ناتوانێت وەك پێویست خزمەتگوزاریییە تەندروستییەكان پێشكەش بكات و ئەو كات دەبێت هاووڵاتییان رێنماییەكانی خۆپارێزیی جێبەجێ بكەن و خۆیان بە دووربگرن لە گردبوونەوە و بەركەوتن.

كاربەدەستانی تەندروستیی لە عێراق بەردەوام داوا لە هاووڵاتییان دەكەن كە پابەندبن بە رێنماییەكانی خۆپارێزیی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، بۆ ئەوەی بتواندرێت ڤایرۆسەكە كۆنترۆڵ بكرێت.

بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق تا ئێستا ٢١ هەزار و ٣١٥ كەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیە ٦٥٢یان گیانیان لەدەستداوە و نۆ هەزار و ٢٧١ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×