تورکیا چی لەشارباژیڕ دەوێت؟
  2020-06-29       1827       

ئا: ئاوێنە


شارباژێڕ، یەکێکە لەدەڤەرە فراوانەکانی هەرێمی کوردستان لەسنوری پازێزگای سلێمانی، ماوەیەکە تورکیا بەردەوام چاودێری دەکاو بەفڕۆکە بێ فڕۆکەکانی‌ گەریلاکانی پەکەکەی تیا دەکات بەئامانج، تورکیا دەیەوێت رێگە بۆ کۆمپانیاکانی خۆش بکات تا لەو دەڤەرەدا بەدوای گازو نەوتدا بگەڕێن. 


 لەماوەی مانگێکدا، ئەمە دوەم جارە کە تورکیا لەسنوری سارباژێڕ، گەریلاکانی پەکەکە دەکاتە ئامانج‌و بەفڕۆکەی بێ فڕۆکەوان خوێنیان دەڕژێ: شەوی  26ی ئایار، دو گەریلای پەکەکەو سێ هاوڵاتی لەئوتومبێلێکدا لەگوندی سەفرە کەوتنە بەر هێرشی فڕۆکەکانی تورکیاو هەر پێنجیان شەهید بون. 

 

ئێوارەی پێنجشەممە ٢٣ی حوزەیرانیش، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا چاودێری پێنج گەریلای پەکەکە دەکەن کە لەقەندیلەوە هاتونەتە سنوری شارباژێڕو لەسەیرانگای کونەماسی لەرێگەی دو موشەکەوە بۆردومان دەکرێن‌و یەکێکیان شەهید دەبێ‌و ئەوانی دیکەش بریندار دەبن. 


جگە لەوەی کە لەکۆتایی ساڵی رابردودا، دەمهات عەگید‌و جەمیل ئامەد لەشاخی گۆیژەی نزیک شاری سلێمانی لەلایەن تورکیاوە بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان شەهیدی کران.


ئەمە لەکاتێکدایە کە باس لەوە دەکرێ رۆژانە فڕۆکەکانی چاودێری توركیا بەسەر ئاسمانی شارباژێڕدا دەسوڕێنەوەو لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە دەبینرێن، بەتایبەتی لەگاپیڵۆن‌و کونەماسی‌و گوندەکانی قامیش‌و گەڵاڵە کە بەرەو چۆڵ کردن دەچن.

ئەم جۆرە شەڕکردنە بەفڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە زیاتر لەساڵێکە لەسەرتاسەری باشوری کوردستاندا تورکیا بەرامبەر بەچالاکترین گەریلاکانی پەکەکە پەیڕەوی دەکات، شوێن پێ هەڵگرتنی شێوەی شەڕی ئیسرائیلییەکانە بەرامبەر بەسەرکردەکانی حەماسی فەلەستینی‌، کە لەهەردو حاڵەتدا بەهاوکاری سیخوڕو چاوساغی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت. 


هاوکات بەپێی ئەو زانیاری‌و دەنگۆیانەی بڵاودەبنەوە، تورکیا بەدوای چەند ئامانجێکەوەیە لەسنوری شارباژێڕ، کە ئێرانیش هاوکاری دەکات:


یەکەم: تورکیاو ئێرانیش خوازیاری ئەوە نین پەکەکەو پژاک لەو سنورە بنکەو بارەگا دابنێن‌و جێ پێی خۆیان قایم بکەن، بەتایبەتی ناوچەی شینكایەتی لەسەفرەو گەڵاڵەو قامیش‌و دڕی‌و دۆڵبێشك‌و بەرزاییەكانی ئاسۆس. 


دوەم: وەک باس دەکرێت ئەم جموجۆڵ‌و هێرشانەی تورکیا بۆ پشتیوانییە لەو کۆمپانیا تورکیانەی کە بەنیازن لەوناوچەیەدا بەدوای کانزاو نەوتدا بگەڕێن.


سێهەم: تورکیا دەیەوێ لەئاییندەدا جگە لەگوندی سەفرە، چەندین گوندی تر دابگیرێن‌و چۆڵ بکرێن بەبیانوی بونی گەریلاکانی پژاک‌و پەکەکە! ئامانجی سەرەکیش بوار رەخساندنە بۆ ئەو کۆمپانیا تورکیانە تا دور لەچاوی ڕاگەیاندن‌‌و خەڵک لەو دەڤەرەدا کار بکەن‌و بنکەیەکی سوپای تورکیاش لەو سنورە بۆ پاسەوانی کردنی ئەو کۆمپانیانە جێگیر بکرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×