2020-07-16   1039     
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەمموز، ڕایگەیاند باندێکی بازرگانیکردن بە ئەندامی جەستەی مرۆڤ، کە بازرگانییان بە گورچیلەی مرۆڤەوە کردووە، لە شاری سلێمانی دەستگیرکراون.
ئاوێنه: بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیەنراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرچنار، باندێکی بازرگانیکردنیان بە جەستەی مرۆڤەوە دەستگیر کرد، کە کاریان کڕین و فرۆشتن بووە بە گورچیلەی مرۆڤەوە".
پۆلیسی سلێمانی ڕوونی کردووەتەوە، "دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، بنکەی پۆلیسی سەرچنار ڕاسپێردراوە بە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران. دوای لێکۆڵینەوە و گەڕان و بەدواداچوونیش، توانراوە هەشت تۆمەتبار دەستگیر بکرێن".
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هەشت تۆمەتبارەکە، لە دوو کورد و شەش عەرەب پێکهاتوون. لە ئێستاشدا "بە فەرمانی دادوەر و بەپێی یاسای تایبەت بە بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە" ڕاگیراون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەرجەم تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا، ددانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.