وەزیری دارایی: ئه‌م كابینه‌یه‌ بڕوای‌ به‌وه‌ هێناوه‌ كه‌ سیاسه‌تی‌ نه‌وتیی هه‌رێم شكستیهێناوه
  2020-07-28       1226       
ئاوات شێخ جەناب
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومه‌تی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا چه‌ند پرسێكی‌ تایبه‌تی‌ بەدۆخی دارایی هەرێم‌و موچه‌ خسته‌ڕو.

ئاوێنه‌: ئاوات شێخ جه‌ناب له‌باره‌ی‌ دۆسیه‌ی‌‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمه‌وه‌ وتی‌، "ئه‌م كابینه‌یه‌ بڕوای‌ به‌وه‌ هێناوه‌ كه‌ سیاسه‌تی‌ نه‌وتیی هه‌رێم شكستیهێناوه‌و ئه‌وه‌شمان به‌به‌غدا وتوه‌و پێشمان وتون كه‌ ئاماده‌ین كێشه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكه‌بن".

وتیشی‌، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە دوبارە پێداچونەوە بەگرێبەستە نەوتییەکاندا بکات بەجۆرێک لەکاتی دروستبونی کێشەدا، حکومەتی هەرێم دەستکراوەتر بێت لەچارەسەرکردنی کێشەکاندا، هەروەها بڕیاردراوە وردەکاری گرێبەستە نەوتییەکان بخاتەبەردەم دیوانی چاودێری دارایی."

سه‌باره‌ت به‌واده‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران،‌ ئاوات شێخ جه‌ناب باسی‌ له‌سه‌رچاوه‌كانی‌ داهاتی‌ حكومه‌ت كرد كه‌ پێكهاتووه‌ له‌داهاتی‌ نه‌وت، ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، داهاتی‌ ناوخۆو هاوكاریی هاوپه‌یمانان‌و ڕایگه‌یاند، هه‌ر كات له‌و سه‌رچاوانه‌وه‌ پاره‌ به‌رده‌ست بێت، موچه‌ دابه‌شده‌كرێت.

ئه‌وه‌شی‌ وت، پرسی کات‌و خشتەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران ئەرکی ئەو وەک وەزیری دارایی نیە، بەڵکو بەڕێوەبەرایەتی جوڵەی دراو/بەشی ژمێریاری وەزارەت وادەی دابەشکردنی موچە دیاریدەکات، 

لەبارەی پرسی چاکسازیی‌و هەنگاوەکانی حکومەتیش لەوبارەیەوە ئاوات شێخ جه‌ناب ئاماژەی بەوەکرد كه‌ یاسای چاکسازیی بەگوێرەی وەزارەتەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بۆ نمونە ئەوەی پەیوەندی بەخانەنشینی نایاسییەوە هەیە، بڕیارە لەم مانگەوە موچەی نزیکەی 400 کەس رابگیرێت، بەڵام چاکسازیی لەلیستی فەرمانبەران‌و وەزارەتی پێشمەرگەو  خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان‌و چەند وەزارەتێکی دیکە پیویستی بەکاتی زیاتر هەیە.

له‌باره‌ی‌ كاری‌ قاچاخچێتی‌ له‌ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی‌ هه‌رێم، وه‌زیری‌ دارایی‌و ئابوریی رونیكرده‌وه‌ كه‌ چوار ده‌روازه‌ی‌ فه‌رمیی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی‌‌ دیكه‌ش هه‌ن سه‌ر به‌ده‌روازه‌ ڕه‌سمییه‌كانن.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و‌، "ئێمه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌روازه‌ی‌ سنوریی نافه‌رمیمان نییه‌، به‌ڵام ئایا له‌ده‌روازه‌كان سه‌رپێچی‌ هه‌یه‌، به‌ڵێ سه‌رپێچی‌ هه‌یه‌".

له‌باره‌ی‌ ئه‌و موچانه‌ی‌ تائێستا حكومه‌ت خه‌رجیكردووه‌، وه‌زیری‌ دارایی وتی‌، "لە 12 مانگی ساڵی 2019دا ئێمە 12 موچەمان داوە، لە 2020دا تاوەكو مانگی چوار موچەمان داوە، بەپێی حساباتی ئەم وڵاتەی ئێمە سێ موچەی چۆتە قاڵبی پاشەكەوتی ساڵەكانی پێشوترەوە كە میراتییە‌و بۆ ئەم حكومەتە ماوەتەوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×