وەزیری دارایی: به‌غدا پارە بنێرێت پێش جه‌ژن موچه‌ دابه‌شده‌كرێت
  2020-07-28       697       
وەزیری دارایی‌و ئابوریی حكومه‌تی‌ هەرێمی کوردستان دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران له‌پێش جه‌ژندا ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ناردنی‌ پارە له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌.

ئاوێنه‌: له‌دانیشتنی‌ ئه‌مرۆ په‌رله‌ماندا كه‌ تایبه‌ت بو به‌تاوتوێكردنی‌ دۆخی‌ دارایی حكومه‌ت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی‌و ئابوری له‌وه‌ڵامی‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتارو رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به‌غدا  پارە بنێرێت، موچه‌ دابه‌شده‌كرێت.

ئه‌و وته‌یه‌ی‌ وەزیری دارایی‌ هه‌رێم له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق چه‌ندینجار بۆ وه‌فدی‌ دانوستانكاریی هه‌رێمی‌ دوپاتكردۆته‌وه‌ كه‌ تا هه‌ولێرو به‌غدا نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێم نانێرن.

هەر لەو کۆبونەوەكەی پەرلەماندا خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بەپەرلەمانتارانی کوردستانی وتی‌، دوای جەژن شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا. 

وتیشی، "پێشکەوتن لەپەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا دروستبووەو لێکتێگەیشتنی نوێ هەیەو هەواڵی تازەمان پێگەیشتووە".
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×