كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق مەرجی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت
  2020-08-01       905       

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەو وادەیەی كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە دیاریكراوە دەربڕی بەڵام بە چوار مەرج.

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادرنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە دیاریكراوە ئەگەر چوار مەرج بێنەدی.

مەرجی یەكەمی كۆمسیۆنەكە ئەوەیە پەرلەمانی عێراق لە كەمترین كاتدا یاسای هەڵبژاردنەكان تێپەڕێنێت و لە رۆژنامەی رەسمی وڵاتدا بڵاوی بكاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن.

مەرجی دوەمیشی دەركردنی تەشریعێكی بەدیلە بۆ ماددەی سێی فەرمانی ژمارەی 30ی ساڵی 2005 بۆ تەواوكردنی نیسابی دادگای باڵای فیدراڵی كە تاكە لایەنە لەڕوی یاساوە دەسەڵاتی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی هەیە.

بەپێی بەیاننامەكە مەرجی سێیەمی كۆمسیۆن ئەوەیە كە حكومەت بودجەی هەڵبژاردن و ئەو پێداویستیانەی هەڵبژاردن ئامادە بكات كە پێشتر لەلایەن كۆمسیۆنەكەوە داواكراون و یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریكراوە.

لە مەرجی چوارەمیدا كۆمسیۆن داوای هاوكاری لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی تایبەتمەند بە هەڵبژاردن كردوە كە پشتیوانیان بن لەئەنجامدانی هەڵبژاردندا.

لەكۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە كە دوای ئەوەی ئەو چوار مەرجە جێبەجێكران ئەوان بەتەواوەتی پابەنددەبن بۆ ئەنجامدانی ئەركی دەستورییان كە هەڵبژاردنە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×