2020-08-06   400     
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، ''ئەمڕۆ چوار تووشبووی نوێی کۆرۆنا لە هەرێمی شەهبا تۆمارکراوە و کۆی گشتی تووشبووانی پەتاکە لە باکووری سووریا گەیشتە 54 کەس''.
ئاوێنه: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: ''ئەمڕۆ پێنجشەممە چوار تووشبووی نوێ کۆرۆنا لە هەرێمی شەهبا تۆمار کراون کە سێ ئافرەت و پیاوێک بوون، لەو ژمارەیەش دوو تووشبوو لە تل رەفعەت، حاڵتێک لە کفر نایا و تووشبوویهکی دیکەش لەناوچەی ئیحرس تۆمار کراوە''.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ''پێشووتر بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئیدارەی خۆسەری تۆمارکردنی سێ تووشبووی راگەیاندبوو، کۆی گشتی تووشبووانی پەتاکەش لە باکووری سووریا گەیشتوەتە 54 کەس''.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی سووریا تائێستا 944 تووشبووی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە، بەڵام روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە ژمارەی فەرمیی تووشبووانی کۆرۆنا لەناوچە جیاوازەکانی سووریا زیاترە لە 4000 تووشبوو.