ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی "شەش تیرۆریستی سەربە داعش"ی لەسنوری چەمچەماڵ راگەیاند
  2020-08-08       728       

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: هێزەكانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی لە چەند رۆژی رابردودا لە سنوری قەزای چەمچەماڵ شەش تیرۆریستی سەربە رێكخراوی داعشیان دەستگیركردون كە بەشداربون لە چەندین تاوانی دەرهەق بە مرۆڤایەتی.

ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەسەر بنەمای زانیاری و چاودێری بەردەوام و وردی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، سەربە دەزگای ئاسایشی ھەرێم، زانیاری بەدەستدەھێنا لەسەر چەند تیرۆریستێکی داعش، کە لەسنوری چەمچەماڵ، بەناوی کارکردن و کرێکاری و ناسنامەی ساختەوە خۆیان حەشارداوەو لەچەند کێڵگەیەکدا کاری باخداری دەکەن. "

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد زانیاری و بەڵگەی دروست بەدەست ھاتن و پاش رەزامەندی دادوەر، بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەھاوکاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ھەڵمەتی دەستگیرکردنی تیرۆریستانیان لەسنوری چەمچەماڵ دەستپێکردو لەچەند ئۆپراسۆنێکدا رۆژی ٤/٨ تیرۆریستانی تاوانبار (ج .م تەمەن ٢٦ ساڵ و تیرۆریست ئ. ھ. تەمەن ٣٠ ساڵ دەستگیرکران  کە ھەردوکیان خەڵکی فەلوجەن) و لەکاتی دەستگیرکردنیان تیرۆریست ( م.ھ تەمەن ٢٩ ساڵ ) لەدەست ھێزەکانی ئاسایش ھەڵدێت و دواتر بە برینداری دەستگیرکرا، کە ساڵی ٢٠١٤ بەیعەتیان داوە بەداعش و چەکدار بوونەو بەشداربوونە لەچەندین تاوانی دەرحەق بە مرۆڤایەتی."

بەپێی راگەیەندراوەكە "ھەر لەمیانی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان پەیوەست بەو دۆسێیە  ھێزەکانی ئاسایش رۆژی ٥/ ٨ لە دوو ئۆپراسیۆنی جیادا سێ تیرۆستی تریان لەسنوری بەردەقارەمان و ناو شاری چەمچەماڵ دەستگیرکرد کە پەیوەندیان بەھەمان گروپەوە ھەبووە و ھەریەک لە تاوانباران ع . م تەمەنن٣١ ساڵ   و  ع . ع تەمەنی ٢٢ ساڵ کە خەڵکی مەحمودییەن دوای ھەڵھاتنی دەستگیکرا  ھەمان ئێوارەش  لەناو شاری چەمچەماڵ تیرۆریست ع . د تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی بەغدا دەستگیراکران کە  لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامەو  رووبەرووی یاساو دادگا کرانەوە." 

ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتوشیەتی"بەپێی زانیارییە بەدەستھاتووەکان  تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لە خواروی عێراق وە ھەڵھاتوون و مەرامیان بووە لە سنوری چەمچەماڵ حەشارگەیەک دروستبکەن و رێگایەکی پەیوەندی دروستبکەن لە گەڵ چەند شانەیەکی نھێنی تیرۆرستانی داعش بۆ رێکخستنەوەو جێبەجێکردنی مەرامەکانیان بەڵام پێش دەستبەکاربوونیان پیلانەکەیان ئاشکراکراو دەستگیرکران."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "لەماوەی رابردوودا ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم  چەندین تیرۆریستی دیکەیان لەسنوری سلێمانی و گەرمیان و شاروشارۆچکەکانی ھەرێم دەستگیرکردووە و لەبەر سەلامەتی لێکۆڵینەوەو ئارامی و ئاسایشی ھاووڵاتیان زانیارییەکان پارێزراون و ھێڵراونەتەوە و دۆسێکانیان لە لێکۆڵینەوەدان و لەداھاتوودا زانیاری وردیان لەبارەوە دەخرێتەڕوو ."

جەختیشی كردۆتەوە كە "تەواوی ھێزەکانمان شەونخونن بۆ پاراستنی ئۆقرەیی و سەروماڵی ھاووڵاتیان و رووبەرووبوونەوەی ھەر پیلانێک کە ژیان لە کۆمەڵانی خەڵک تێکبدات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×