بەرپرسێكی دیكەی حكومەت لە پشكی یەكێتی دەستبەكاربو
  2020-08-09       814       

ئەمڕۆ یەكشەممە، لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دابان شەدەڵە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی وەك جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربو.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمەكەدا، قوباد تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی لە دابان شەدەڵە هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ستایشی کار و چالاکییەکانی پێشوی کرد کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئیسپانیا بو.

قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا رایگەیاند: فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یەکێکە لە پایە گرنگەکانی حکومەت و ڕۆڵی گرنگی بینیوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و توانیویەتی ببێتە پردێکی باش بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و ئێمەش وەک سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی هەنگاو و کارەکانیانین.

جەختیشی کردەوە یەکێک لە ئەولەویاتی حکومەتی هەرێم گرنگیدانە بە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان و پەرەپێدانی ئەم فەرمانگەیە و رێکخستنەوە و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و وتیشی"لەوبڕوایە داین کاک سەفین وەک بەرپرس و کاک دابان وەک جێگر پێکەوە دەتوانن هەنگاوی باش لەوبارەیەوە بنێن."

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی دابان شەدەڵەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ناوبراو ئەزمونێکی باشی لە پرسی پەیوەندییەکان هەیە، بۆیە گەشبینین پێکەوە بتوانین کارەکانی فەرمانگە بە باشی راپەڕێنین.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×