نزیکەی مانگێکە ئەندامێکی هەدەپە لە سلێمانی بێسەروشوێنە
  2020-08-11       387       

ماوەی ٢٦ ڕۆژە ئەحمەد کایار، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان، لە شاری سلێمانی بێسەروشوێنە و پەیوەندییەکانی یەنەکە بە نوێنەرایەتی هەدەپە-یان وتووە کە هیچ سەرەداوێکمان لەبارەی چارەنووسی کایار دەستنەکەوتووە.

دوای دیار نەمانی ئەحمەد کایار، ئەندامی هەدەپە لە شاری سلێمانی بۆ ماوەی ٢٦ ڕۆژ، دوێنێ ٩/٨/٢٠٢٠ نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان- یەنەکە-یان کرد بۆ پرسیارکردن لەبارەی چارەنووسی ئەندامەکەیان.

موزەیەن گونەیش، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەنەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: داوامان کردووە، چارەنووسی عەلی کایار ڕوون بکرێتەوە، هەوڵبدەن سەرەداوێکیان دەربارەی دەستبکەوێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کە وەک نوێنەرایەتی هەدەپە دوو نووسراویان ئاڕاستەی بەشی پەیوەندییەکانی یەنەکە کردووە تا ئەوانیش ڕادەستی ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی بکەن و زیاتر هەوڵ بدەن تا زانیارییەکیان دەربارەی کایار دەستبکەوێت.

لای خۆشیانەوە بەشی پەیوەندییەکانی یەنەکە، پێی ڕاگەیاندوون، کە تا ئێستا هیچ سەرداوێکیان لەبارەی کایار دەستنەکەوتووە و بەردەوامیشن لە گەڕان بەدوایدا.

عەلی ئەحمەد کایار، خەڵکی شاری سێرتی باکوری کوردستانە، ئەندامی هەدەپەیە و بەهۆی زوڵم و ستەمی ئاکەپە ماوەی نۆ ساڵە باکوری کوردستانی بەجێهێشتووە و هاتووەتە باشوری کوردستان، لە باشور کرێکاریی کردووە، لەنێوان کاتژمێر ٧:٠٠ بۆ ٧:٣٠ خولەک بەیانی ڕۆژی ١٥/٧/٢٠٢٠ لەسلێمانی دیار نەماوە و تەلەفۆنەکەی داخراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×