وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی موچەی فەرمانبەران وەڵامی حکومەتی هەرێم دەداتەوە
  2020-08-13       530       

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵ پابەندە بە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام حکومەتی هەرێم لە پێشنیازی بە هاوبەشی پاراستنی دەروازە سنورییەکان و چاودێریکردنی داهات و خاڵە گومرگیەکاندا نەرمی نەنواندوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆیە داوا لە هەولێر دەکەن پەلەبکات لە جێبەجێکردنی پابەندبونە دەستورییەکانی و گەڕانەوەی بۆ گفتوگۆکان،  ئەویش بە ئامانجی گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد کە لەدۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابوریدا دەژین.

ئاوێنه‌: درەنگانی شەوی رابردو، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، پەیوەست بە راگەیەنراوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەرئەنجامی گفتوگۆکان لەبارەی رێکخستنەوەی داهاتە فیدڕاڵییەکان و خاڵە سنورییەکان لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم، جەخت دەکەنەوە کە لەسەرەتاوە پابەندبون بە پاراستنی مافی هاوڵاتیان هەرێم و دابینکردنی موچەکانیان، بەڵام حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوەکەیدا ورد نەبوە لە دیاریکردنی بنەڕەتی کێشەکان، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی فیداڕاڵی دەیان هەزار واژۆی لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمەوە بەدەستگەیشتوە بۆ چارەسەرکردنی هەرچی زوی کێشەکانیان و خەرجکردنی راستەوخۆی شایستەر داراییەکانیان.

ئەوەش هاتوە، حکومەتی فیدڕاڵ لەبەرامبەر گەیشتن بە رێککەوتن لەپێناوی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان نەرمی زۆری نواندوە، لەو چوارچێوەشدا وەک مافێکی دەستوری بۆ چاودێریکردنی داهات و خاڵە گورمییەکان، پێشنیازکرا بە گوێرەی مادەی 114ی دەستور چاودێری لەسەر خاڵە سنورییەکانی هەرێم دابنرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم نەرمی پێویستی نەنواندوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆیە بەرپرسیارکردنی حکومەتی عێراق بە نەناردنی شایستە داراییەکانی بەر لە ئەنجامدانی رێککەوتن لێکدانەوەیەکی نابەرپرسیارانەیە.

وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەشکردوە، دوای ئەوەی لە 19ی ئایاری ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ ناردنی 400 مليار دينار بۆ هەرێمی کوردستان، داوا لە حکومەتی هەرێم کرا لە ماوەی مانگێکدا لەبارەی یاسای ئیدارەدانی دارایی بگەنە رێککەوتن لەناو ئەوانەشدا وردبینی لە داهاتە نانەوتییەکان، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن پەلە بکات لە جێبەجێکردنی پابەندبونە دەستورییەکانی و گەڕانەوەی بۆ گفتوگۆکان، ئەویش بە ئامانجی گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد کە بەهۆی دۆخی سەختی تەندروستی و ئابوری لە دۆخێکی سەختدا دەژین بەتایبەت موچەخۆران.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×