بابەكر زێباری دەڵێت: هێرشەكەی توركیا بۆ سەر هێزێكی پاسەوانی سنوری عێراق جێی گومانە
  2020-08-13       1127       

بابەكر زێباری، راوێژكاری سەربازی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: هێرشەكەی ئەم دواییەی توركیا بۆ سەر هێزێكی پاسەوانی سنوری عێراق "جێی گومانە"و پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)ش تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "دەیەوێت کوردستانی باشور نەمێنێت."

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەبارەت بەو بانگەشانەی پەكەكە كە دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستانەوە ھاوکاریی تورکیا دەکرێت بۆ لێدانی گەریلا، بابەکر زێباری، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وتوە"باشە ئەگەر ھەرێمی کوردستان زانیاریی بە تورکیا داوە بۆ لێدانی پەکەکە، بۆچی فڕۆکەی تورکیا فەرماندەکانی عێراقی کردوەتە ئامانج و چەکدارانی پەکەکەی لەو ناوە بوردومان نەکردوە، ئەمە جێگەی گومانە."

بابەكر زێباری وتوشیەتی"تورکیا بەبێ ھیچ ڕێککەوتن و ھەماھەنگییەک ھاتوەتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت ھەماھەنگیی لەگەڵ بەغداش نەبوە، بەڕاستی تورکیا کێشەیە بۆ ئێمە، ئەوان دەڵێن بە بەھانەی ھەبونی چەکدارانی پەکەکە دێینە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و پێویستە پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان نەمێنێت."

زێباری ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە"تورکیا داوای کردوە ھەرێم سنورەکانی بە ڕوی پەکەکە دابخات، بەڵام پرسیاری ئێمەیش ئەوەیە بۆچی تورکیا خۆی سنورەکانی داناخات، ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا دەوڵەتە و لەڕوی سەربازی و ماددی و تەکنیکییەوە وڵاتێکی بەھێزە، خۆی دەتوانێ سنورەکانی دابخات و خۆی لەو سەرئێشەیە ڕزگار بکات، تورکیا ٩١١ کیلۆمەتر سنوری لەگەڵ سوریا ھەیە و ھەموی کۆنتڕۆڵ کردوە، ئێستا خەریکە سنوری لەگەڵ ئێران دابخات، کەچی ناتوانێ سنوری خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات کە ھەموی ٣٤٠ کیلۆمەترە."

هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی پەكەكەش وتویەتی"ئەم کارەی پەکەکە دروست بۆ ئەوەیە کوردستانی باشور نەمێنێت، ئەمە حەقیقەتە و ئامانجی پەکەکەش ھەر ئەوەیە، کوردستان چوار پارچەیە، خەڵکێک بەبێ خواستی ئێمە، کوردی دابەشی سەر چوار پارچەی کردوە و ئێستاش ئەو خەڵکەی کوردیان پارچە کردوە ماون و پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت."

هەروەها بابەكر زێباری سەبارەت بە ھەڵوێستی عێراق لەسەر هێرشەكانی توركیا وتویەتی"عێراق ھەڵوێستێکی لاوازی ھەیە بەرامبەر بە تورکیا لەسەر پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی، ھەتا لە نەتەوە یەکگرتوەکان سکاڵای تومار نەکردوە و ھەڵوێستی بەلاواز دەبینم."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×