چالاكوانێكی‌ مه‌ده‌نی‌ دهۆک باس لەهەڵسوکەتی هێزەکانی ئاسایش دەکات
  2020-08-14       745       
وەدات حسێن
چالاکوانی مەدەنی دهۆک باس لەهەڵسوکەتی هێزەکانی ئاسایشی‌ دهۆك دەکات كه‌ لەچوارەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نوس وەدات حسێن-دا بەرامبەریان ئەنجامیداوە.

ئاوێنه‌: مێهڤان سەعید، چالاکوانی مەدەنی دهۆک کە لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس‌و چالاکی مەدەنی ویستیان لەسەر گڵکۆی وەدات حسێن چوارەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنوسە بکەنەوە، بەڵام لەلایەن هێزێکی ئاسایشی پارتییه‌وه‌ ڕێگرییان لێکرا.

بەوتەی مێهڤان، پێش چونی ئەوان بۆسەر گڵکۆی وەدات، هیزێکی ئاساییش لەگۆڕستانی گەڕەكی شاخكێ پێشی ئەوانیان گرتبو، ناوبراو دەڵێت، “بەتوندی ڕێگرییان لەڕۆژنامەنوسان‌و چالاکان کرد کە بچنە سەر گۆڕەکەی وەدات‌و هەڕەشەی ئەوەیان کرد ئەگەر بەردەوام بین، ئەوا دەستگیرمان دەکەن”.

مێهڤان باسی لەوەشکرد، ئاسایش هەریەک لەئەیهان سەعید، نوێنەری سەنتەری میترۆو ڕێکخەری یادەکە، لەگەڵ کاروان سدیق، پەیامنێری گەلی کوردستان، ئومێد بەڕۆژکی، شێروان برادۆسکی‌و دڵشاد گوهرتی ڕۆژنامەنوسیان بەشێوەیەکی ناشارستانیانە دەستگیرکرد.

هەروەها وتی، “مۆبایلەکانیان بەزۆر لێ سەندین‌و تەواوی نامەو بەرنامەکانی ناو مۆبایلەکانمانیان پشکنی، هەڕەشەی ئەوەشیان کرد ئەگەر گۆڕستانەکە چۆڵ نەکەین، تەواوی ئەو کەسانەی هاتون بۆ یادەکە، دەستگیری دەکەن.

بڕیاربو دوێنێ پێنجشه‌ممه‌، له‌سه‌ر گڵكۆكه‌ی‌ له‌شاری‌ دهۆك مەراسیمی‌ تێپه‌ربونی‌ چوار ساڵ به‌سه‌ر تیرۆركردنی‌  رۆژنامەنوس وەدات حسێندا  ئه‌نجامبدرێت، بەڵام ئاسایشی‌ شاره‌كه‌ ڕێگریی له‌به‌رێوه‌چونی‌ مه‌راسیمه‌كه‌ گرت.

ڕۆژی 13ی ئابی 2016 رۆژنامەنوس وەدات حسێن لەناو سەنتەری شاری دهۆك لەلایەن چەند چەكدارێكەوە كە دوو ئۆتۆمبێلیان پێبو رفێندرا، دوای چەند كاتژمێرێك بەبرینداری لەسەر رێگای سێمێل - دهۆك دۆزرایەوە، دواتر لەنەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.

تێپەڕبونی چوار ساڵ بەسەر تیرۆركردنی وەدات حسێندا لەكاتێكدایە تا ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم‌و پارێزگای دهۆكەوە، هیچ كەسێك بەتۆمەتی تیرۆركردنی‌ ئەو ڕۆژنامەنوسە دەستگیرنەكراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×