ئا: ئیحسان مه‌لا فوئاد
ئه‌و وێنه‌یه‌ی هه‌میشه‌ی له‌گه‌ڵی دهژیتو به‌رده‌وام دێته‌وه پێش چاوانی، وێنه‌ی دایكه ئهنفالكراوهكهیهتی كه له‌پشتی تراكتۆرێكدا تا له‌به‌رچاوان ونبو هاواری ده‌كرد: "حه‌سه‌ن، حه‌سه‌ن...". حه‌سه‌ن عه‌لی، گه‌نجێكی به‌جێماوی ئه‌نفالی ته‌مه‌ن 42 ساڵه كه له‌خێزانێك ته‌نها خۆی ماوه‌ته‌وه، ئێستاش پاش تێپه‌ڕبونی 26 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌دا، حه‌سه‌ن تاكه ئومێدی شادبونهوهیه به‌خانه‌واده‌كه‌ی.
سه‌ره‌تای شاڵاوه‌كه
ئێمه خه‌ڵكی گوندی ئۆمهربلین، پرۆسه‌ی ئه‌نفال له7/4/1988 له‌سنوری داوده ده‌ستیپێكرد، باوكم وتی سوپایه‌كی بێ‌شومار هاتوه‌ته ناوچه‌كه‌و زۆر دڕندهنو نیه‌تیان خراپه، ئه‌وكات گونده‌كه‌مان 128 ماڵی تێدابو، ئیدی به‌ره‌به‌یانی 9ی نیسانی 1988، گونده‌كه‌مان هه‌موی چۆڵی كرد، تاوه‌كو له 13ی مانگ له‌گوندی قه‌ڵاچه‌رمه‌ڵه‌ی سه‌ر به‌ناحیه‌ی سه‌رقه‌ڵا هه‌مو خێزانه‌كه‌مان یه‌كمانگرته‌وه. ئه‌وكات ته‌مه‌نم 15 ساڵان ده‌بو، دایكم 4 دینار‌و باوكم 20 دیناری پێدام‌و وتیان نه‌وه‌كو له‌یه‌كتری داببڕێین، ئیدی له‌به‌یانی 14ی نیسان، من‌و دایكم هاتینه سه‌ر شه‌قامی گشتی لای سه‌رقه‌ڵا له‌نێوان كفری-كهلارو 22 پیاوو گه‌نجمان بینی كه هه‌ندێكیان خزمی خۆم بون، له‌و شوێنه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌واندا كه‌وتینه ده‌ستی لیوایه‌كی سهربازییو جاشه‌كانی فه‌تاح به‌گی جاف كه پێنج مه‌دالیای ئاڵتونیی سه‌دامی پێدرابو، ئیدی ئه‌و 22 پیاوو گه‌نجه‌و باوكمیان به‌ئۆتۆمبیلێكی سه‌ربازیی برد.
هاواری دایك بۆ رۆڵه‌كه‌ی
له‌گه‌ڵ پێنج شوانی گونده‌كه‌مان چه‌ند رانهمهڕێكمان پێبو، دایكم‌و میمكم (ئامینه ئهحمهدو سه‌وسه‌ن فه‌ره‌ج) له‌گه‌ڵ مندا مانه‌وه، فه‌رمانده‌ی لیواكه كه پله‌كه‌ی عه‌مید بو له‌گه‌ڵ جاشهكاندا به‌عه‌ره‌بی قسه‌ی كرد، جاشه‌كان وتیان ده‌ڵێت: ئه‌و دو ژنه ده‌به‌ین بۆ قۆره‌تو لای كهلارو دواتر ئێوه‌و رانهمهڕهكانیش ده‌به‌ین بۆ لایان، به‌شێوه‌یه‌ك قسه‌یان ده‌كرد گوایه ئه‌و ئه‌فسه‌ره به‌زه‌یی به‌ئێمه‌دا دێته‌وه. ئیدی بهتراكتۆرێك دایكم‌و میمكمیان برد‌و ئێستاش وێنه‌كه‌ی له‌به‌رچاومه كه دایكم كراسێكی گوڵداری ره‌نگاوڕه‌نگی له‌به‌ردابوو له‌دوای تراكتۆرهكهوه ده‌ستی به‌رزكرده‌وه‌و هاواری ده‌كرد "حه‌سه‌ن، حه‌سه‌ن...".
تاقانه‌ی ئه‌نفال
ئیدی له‌و كاته‌وه دایكم نهبینییهوهو هه‌مویانیان لهقۆرهتوهوه گواسته‌وه بۆ تۆپزاوه له‌خۆرئاوای كه‌ركوك، ئه‌وكات 17/4، مانگی ره‌مه‌زان بو، وه‌ك باسیان بۆ كردوم وتیان: دایكت به‌رۆژو بوه‌و یه‌ك په‌رداخ شه‌كری له‌سه‌ربازه‌كان به‌دو دینار كڕیوه، له‌كاتێكدا ئه‌وكات فه‌رده‌یه‌ك شه‌كر به 10 دینار بوه، چونكه دایكم ئه‌گه‌ر نانیشی نه‌خواردایه ئاسایی بو، ته‌نها حه‌زی له‌چایی بوه‌و به‌بێ چایی نه‌ده‌ژیا.
من نه‌ك ته‌نها تاقانه‌ی ئه‌نفالم، به‌ڵكو له‌روی دهرونییشهوه ئهنفالكراوم: بهتراكتۆرێك دایكم‌و میمكمیان برد، ئێستاش وێنه‌كه‌ی له‌به‌رچاومه دایكم كراسێكی گوڵداری ره‌نگاوڕه‌نگی له‌به‌ردابوو له‌دوای تراكتۆرهكهوه ده‌ستی به‌رزكرده‌وه‌و هاواری ده‌كرد "حه‌سه‌ن، حه‌سه‌ن...".
مردن له‌برسا
ئه‌و شایه‌تحاڵانه گێڕایانه‌وه بۆم: دایكم‌و ژنه‌كانیان كاتژمێر 3-4ی نیوه‌شه‌و بردوه‌و كه‌سیان له‌و شوێنه نه‌هێڵراونه‌ته‌وه، كاتێك دایكمیان بردوه قۆرییه چاكه‌ی به‌سه‌ر ئاگره‌كه‌وه بوه، بۆیه چه‌ندینجار دایكم هاتوه‌ته خهومو وتویه‌تی: پێش ئه‌وه‌ی به‌فیشه‌ك بمانكوژن لهتینوو برسدا مردین. ئه‌وه‌ش زۆر كاریگه‌ریی له‌سه‌رم به‌جێهێشتوه‌و هه‌میشه ده‌گریم.
دو خۆزگه
زۆرجار كه ده‌گریم بۆ دو شت ده‌گریم، ئه‌ترسم بمرم‌و نه‌بینم موسته‌شاره‌كان له‌سێداره بدرێن كه دوای 61 دانیشتنی دادگای باڵای تاوانه‌كان، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ 423 كه‌س ده‌رچوه‌و 256 كه‌سیان لهخائینهكانن به‌ناوی شێخ‌و ئاغا‌و بهگو عه‌شیره‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌ترسم بمرم‌و روفاتی دایك‌و باوك‌و خوشكه‌كانم نه‌بینمه‌وه.
هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌نفالكران پێشتر له13/4/1988 له‌گونده‌كانه‌وه برابون له‌ناحیه‌ی قۆره‌توی سه‌ر بهكهلارو گوندی مله‌سوره‌ی سه‌ر به‌ناحیه‌ی سه‌رقه‌ڵا كۆكرابونهوهو له14/4/1988 گواسترانه‌وه‌و ئه‌نفالكران بۆ نوگرهسهلمانو تۆپزاوه‌و ناوهڕاستو خواروی عێراق.