هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە سبەی سێشەممەوە وەستانی ئۆتۆمبێل لە پێنج
شەقامی سەنتەری شارەكە قەدەغەدەكرێت، هەر شۆفێرێكیش سەرپێچی بكات بە بڕی 30 هەزار
دینار سزا دەدرێت.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا
وتی"ئاگاداری سەرجەم دوکاندارو خاوەن کارەکان و پزیشک و دەرمانسازو خاوەن کارە
پزیشکییەکانی شەقامی پزیشکان و شەقامی باتەو شەقامی موزەفەریەو شەقامی 20 مەتری دەوری
قەڵاو پارکی شار دەکەینەوە کەوا لەرۆژی 2020/9/8ەوە پارککردنی ئۆتۆمبێلەکان لەو شوێنانە
قەدەغەدەکرێت و تەنها رێگا دەدرێت بەوەستانی کاتی."
وتوشیەتی"بۆیە دەبێت هەموان ئۆتۆمبێلەکانیان لە گەراجەکان رابگرن کە ئەم
هەنگاوەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و نەهێشتنی خنکانە لەسەنتەری شار."
هاتوچۆی هەولێر جەختی كردۆتەوە كە "هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت
بە بڕی 30 هەزار دینار کە سزای وەستانە لەشوێنی قەدەغەو لەحاڵەتی بەردەوامی یان
دوبارەکردنەوەی سەرپێچییەکە، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگیرێت."