چاوشئۆغلۆ: پەكەكە دەستی بەسەر "یەكێتی"دا گرتوەو دەیەوێ دەستبەسەر هەولێریشدا بگرێ
  2020-09-08       1877       

ئا: ئاوێنە

 

مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا، پەكەكە تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "دەستی بەسەر یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا گرتوە"و دەشیەوێت "دەست بەسەر هەولێردا بگرێت"و ئاماژە بەوەدەكات كە ئەوەشیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم باس كردوەو دەشڵێت"وەک ئەوەی کە پارتی و بارزانی باسی لێوە دەکەن، پەکەکە سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە جێبەجێ دەکات."

 

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، ئەمڕۆ سێشەممە، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە"پەکەکە زۆرترین زیانی گەیاندوە بە برایانی کورد و ئەم بابەتە پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بە واتایەکی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە بە ئاشکرا باسیان کردوە، خۆی پەکەکە لە باکوری عێراق زۆرترین زیانی بە کورد گەیاندوە".

چاوشئۆغلۆ وتوشیەتی"پەکەکە ئێستا تەواو دەستی بەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-دا گرتوە لە ناوچەی سلێمانی کۆنترۆڵی شارەکانی کردوە، دەستی بەسەر هەزار گونددا گرتوە، مەبەستی پەکەکە لەوە دەستبەسەرداگرتنی هەولێرە، کاتێک لە هەوڵەکانی بۆ جیاکردنەوەی تورکیا سەرنەکەوت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا باسی لە سەردانەكەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کردوەو وتویەتی"وەک ئەوەی کە پارتی و بارزانی باسی لێوە دەکەن، پەکەکە سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە جێبەجێ دەکات و بە زۆر دەیەوێت منداڵان ببات بۆ شاخ، منداڵانی کورد و منداڵانی ئێزدی و چەک دەدات بە دەستیان و چەکداریان دەکات".

وتیشی"حکومەتی هەرێم زۆر جار تەئکیدی لەو بارودۆخە کردوەتەوە. لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیایش باسی ئەوەمان کرد".

هەرچەندە توركیا هیچ مافێك لە سنوری وڵاتەكەیدا بۆ كورد بە ڕەوا نابینێت، بەڵام مەولود چاوشئۆغڵو لە بەشیكی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دانانی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە دیداریدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، بانگەشەی ئەوەی كرد"رەخنەیەکی زۆرمان لێ گیرا بەهۆی دیدارمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و دانانی ئاڵای هەرێمەکە کە گوایە ئەمە ئاڵای پەکەکەیە کە ئەمە راست نییە، هەڵەیە. ئەگەر هەمو برایانی کورد لە ریزی پەکەکە دابنێین، لێرە دەکەوینە ئەو هەڵەیە کە دوژمنایەتی کوردمان کردوە، ئێمە برای کوردین و دژبە دوژمنایەتیکردنی کوردین".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×