2020-09-25   742     
وەزارەتی تەندروستی عیراق هۆكاریی بەرزبوونەوەی ئاستی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا بۆ جێبەێنەكردنی سزاكان دژ بە سەرپێچیكاران دەگێڕێتەوە.
ئاوێنه: ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی فەرمی (العراقیە) لە زاری حازم جومەیلی بریكاری وەزیری تەندروستیى عيراقەوە بڵاویكردەوە”بەردەوامبوونی تۆماركردنی تووشبوونی زۆر دەستەواژەیەكی مەترسیدارە، جێبەجێنەكردنی سزاكانیش لەدژی سەرپێچیكاران بۆتە مایەی زیادبوونی ژمارەی تووشبوان”.
بە وتەی جومەیلی”ڕەوشی ئابوری وڵات وایكرد بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ دەربكرێت، ڕێكارەكانی وەزارەتی تەندروتیش خۆیان لە دابینكردنی نەخۆشخانەكان و كارمەندانی تەندروستی و ئۆكسیجیندا دەبینێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاكە”.
بەپێی دوایین ئامار كە دوێنێ پێنج شەممە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 4471 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە و 45 كەسیش بە ڤایرۆسەكە گیانيانلەدەستداوە.