فەرماندەیەكی پێشمەرگە: رێگەی سەرەكی هەولێر-كەركوك لەژێر مەترسی داعشدایە
  2020-10-29       1353       

بەپێی قسەی فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركوك لە هێزەكانی پێشمەرگە، چەكدارانی داعش گەیشتونەتە چەند ناوچەیەكی نزیك لە رێگەی سەرەكی كەركوك-هەولێر و بەوەش رێگاكە لەژێر مەترسیدایەو دەشڵێت: "زانیاریمان ھەیە فەرمان کراوە بە ھێزە عێراقییەکان تەقە لە چەکدارانی داعش نەکرێت."

ئاوێنە: نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکوکی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وتوە"مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان و کەرکوک زۆر زیادی کردوەو چەکدارانی داعش گەیشتونەتە ناوچەکانی سێگردکان و شێخ بزێنی و ناوچەی شوان، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئەو ناوچانەو ڕێگەی کەرکوک- ھەولێریش لەژێر مەترسیدایە، چونکە ئەو ناوچانە دەکەونە نزیک ڕێگەی سەرەکی."

فەرماندەکەی پێشمەرگە وتویەتی"زانیاریی ھەواڵگریمان ھەیە ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە ناوچەکانی کەرکوک چەکدارانی داعش دەبینن و تەقەیان لێ ناکەن، ھەتا زانیاریمان ھەیە ئەفسەرانی عێراقی داوایان لە کارمەند و سەربازانی عێراقی کردوە تەقە لە چەکدارانی داعش نەکرێت، ئەمەش جێگەی گومان و پرسیارە، بۆچی چەکدارانی داعش بە ئاشکرا لە ھەندێ ناوچەی کەرکوک جوڵە دەکەن و ھێزەکانیش بەرەنگاریان نابنەوە."

نوری حەمە عەلی جەختی کردۆتەوە"گەیشتنی دەستی داعش بۆ ھەندێ ناوچەی کەرکوک زۆر مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەو ناوچانە پێشتر داعشیان تێدا نەبوە، ھەمو ئەو ناوچانە دەکەونە سنوری دەسەڵاتی ھێزە عێراقییەکان و ئەگەر بێتو پێشمەرگە لەو سنورە ھەبوایە دەستی خۆی دەوەشاند."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×