دوران کاڵکان: بۆ ڕزگارکردنی ئەردۆغان هەوڵدەدرێت بەرپرسانی پارتی‌ بخەنە جوڵەوە
  2020-11-24       1406       
دوران کاڵکان
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایدەگەیەنێت، سەرپەرشتیارو ڕێکخەری ڕێککەوتنی ئەمریکاو تورکیاو پارتی‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ بو، لەناوچو، ئێستا سەرەی ئەردۆغانە، بۆ ڕزگارکردنی ئەردۆغان-یش هەوڵدەدرێت بەرپرسانی پارتی‌ بخەنە جوڵەوە.

ئاوێنه‌: دوران کاڵکان چاوپێکەوتنێکی لەگه‌ڵ ڕادیۆی دەنگی وڵات بڵاوبوەوە، کە بەبۆنەی ٤٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە سازیان کردبوو.

کاڵکان ڕونیدەکاتەوەو دەڵێت، ئەگەر سەرنج بدەین، لەسەر بناغەی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی، ڕێککەوتنی ئەمریکا – دەوڵەتی تورک و پەدەکە بۆ تەسفیەکردن و لەناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ و پارتەکەمان پەکەکە کرا و یەک بە یەک پووچەڵکرانەوە، لە عەفرین تا خواکورک، لە سەرێکانی تا هەفتانین، ئەو بەرخۆدانەی کە لە ساڵەکانی ٢٠١٨، ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا بەڕێوەبران، فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەی لە ڕیشەوە دەرهێنا، ئێمە بووینە گەل و بزوتنەوەیەک کە داعشمان تێکشکاند و بەم شێوەیە شوێنی خۆمان لە ناو مێژوودا گرت.

باس لەوەش دەکات، لەگەڵ لەناوبردنی داعشدا، “گروپە چەتەکانی وەک ئۆسۆ، قاعیدە و فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەمان لاواز کرد، دەزانرێت کە بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە، لەبەر ئەم تێکۆشانە، لەبەرئەوەی دەستکەوتەکانی ئەوانمان پووچەڵکردەوە، بە تایبەتی لەناو چوار ساڵی دواییدا بە سەرکێشی و سەرپەرشتیی ترامپ لەدژی ڕێبەری ئاپۆ و پارتەکەمان هێرشی زۆر گەورە ئەنجامدران، لە ڕاستیدا پیلانگێڕی نێودەوڵەتی نوێکرایەوە.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، بەردەوامیی بە باسەکە دا و وتتی: ئێمە دەزانین کە ترامپ سوکایەتیی بە ڕێبەر ئاپۆ کردووە، بە پەکەکەی وت، لە داعش خراپترە، وتی؛ لە مەیدانی شەڕ هەڵدێن و بەو شێوەیە قسەی نەشیاوی بە شەڕڤانانی ئازادیی وت، کە داعشیان تێکشکاند، ئاشکرایە کە ئەوەی سەیری پشت خۆشی ناکات و بە هەوڵێکی زۆر هەڵدێت کێیە، هەموو کەسێک دەیبینێت، هەوڵیدا هەموو شتێک بخاتە ئەستوی پەکەکە، لەسەر ئەم بناغەیە لە عەفرینەوە تا خواکورک و ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان پشتگیریی لە هەموو داگیرکەریەک کرد.

دوران کاڵکان، تیشکی خستە سەر ئامانجی ئەو پیلانگێڕییانە و وتی: ئامانجیان ئەوەبوو ئەو دەستکەوتانە، کە ژنانی گەنجی کورد و پیاوانی گەلی کورد بەدەستیان هێنا، لەدژی داعش شەڕیانکرد و لەسەر هێڵی فیدایی بە هۆشمەندیی ئاپۆیی بەرخودانێکی پاڵەوانانەیان ئافراند، پێشکەشی هەندێکی دیکەیان بکەن، هەوڵیاندا هەندێکی پێشکەشی دەوڵەتی عێراق بکەن، هەندێکی پێشکەشی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بکەن، لەم دواییانەشدا هەوڵدەدەن بەشێکیشی پێشکەشی هاوکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بکەن، گوایە لەسەر ئەو بنەمایە هێڵی ڕێبەرایەتی و ڕێکخستنی پەکەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ پاکتاو دەکەن و لەناوی دەبەن.

کاڵکان زیاتر ڕوونیدەکاتەوە و دەڵێت: هەربۆیە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا درێژە بە هێرشە بەرنامە بۆداڕێژراوەکانی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ی دا، جموجوڵی سەربازیی پارتی دیموکراتی کوردستان- پەدەکە، لە بەهاری ٢٠٢٠دا لە زینی وەرتێ، هەڵگورد، خنێرە، ئاڤاشین و هەفتانین بەشێکە لەو پلانە، بەپێی ئەو زانیارییانەی‌ بە دەستمان گەیشتون، ئەو قۆناغ و پرۆسەیە دەبوایە تاوەکو ئەیلول تەواو ببوایە. دەبوایە پەکەکە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لەناوببرایە و پاکتاو بکرایە. بەو شێوەیە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و ڕۆژئاوای کوردستان دەخرانە دەستی هاوپەیمانیی نێوان دەوڵەتی تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان- پەدەکە، لە چوارچێوەی‌ ئەو  ئامانجەدا دەستیان بەو هێرشانە کرد و پێکەوە بوون. ئامانجی ئەوەش پاکتاوکردن و سڕینەوە و لەناوبردنی پەکەکە بوو. ئەوەشیان بە ڕوون و ئاشکرا دەوت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: پێش ئەوەی‌ دەست بە هێرش بکەن، وەک ئەوەی‌ بڵێن، خۆتان بە دەستەوە بدەن، نزیک دەبوونەوە، دەیانوت “ئەگەر خۆتان بە دەستەوە نەدەن لە ناو دەچن” و بەو شێوەیە هەڕەشەیان دەکرد، بەڵام وەک گەل و بزووتنەوە لە دژی ئەو پاکتاوکارییە فاشیستییە هەمەلایەنەیە بەرەنگارییمان کرد.

“ترامپ رۆیشت، سەرەی ئەردۆغانە”

دوران کاڵکان رایگەیاند:”مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئەو هێرشە پاکتاوکارییانە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەرفراوانترین هێرشی بەرنامە بۆ دانراو بوو، وەکو گەل و بزوتنەوە، بەرخودانمان لەسەر بنەمای ستراتیژیی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی هەمەلایەنە گەیشتە ئەو ئاستە لە بەرخۆدان، کە وەک تەواوی مێژووی بەرخۆدانمان بوو، یانی هێرشەکان گەورە بوون، ئامانجی دووژمن لەناوبردن و پاکتاوکردن بوو، بەرخۆدان لەدژی ئەوە بە ڕاستی بێ وچان و بێ هاوتا بوو، مێژوویی بوو، بەرخۆدانێکی گەورە ئەنجامدرا، پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو ڕاستییە ببینن، دەبێت ئێمە بە ڕاستی و دروستی لەو بەرخودانە تێبگەین، هەم دەبێت ئەو هێرشەی دووژمن و هەمیش دەبێت لەو بەرخۆدانەی خۆمان بە ڕاستی و دروستی تێبگەین و ئەنجامی ڕاستی لێوەربگرین.”

هەروەها، دەڵێت: پلانیان داناوە، کە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ کۆتایی بە پەکەکە بهێنن، بەڵام خۆیان کۆتاییان پێهات و تێکشکان. لە هەڵبژاردندا تێکشکان، سەرپەرشتیاری هاوپەیمانیی پاکتاوکردن و لەناوبردن ئەمریکا – دەوڵەتی تورک و پەدەکە تێکشکان، ئێستا سەرەی تەیب ئەردۆغانە، هەوڵدەدەن بۆ ڕزگارکردنی ئەردۆغان بەڕێوەبەریی ئێستای پەدەکە بخەنە جوڵە، هەوڵیاندا ڕێگری لە تێکشکاندنی بەڕێوەبەریی ترامپ بکەن، بەڵام نەیانتوانی، لەناکاو جموجوڵی هێزە تایبەتەکانی پەدەکە بۆ گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا دەستیپێکرد، جگە لە هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی ئەردۆغان هیچ مانایەکی دیکەی نییە، ئامانجیان ڕزگارکردنی ترامپ بوو، نەیانتوانی ڕزگاری بکەن، ئێستاش بۆ ئەوەی‌ تەیب ئەردۆغان ڕزگار بکەن هێرش دەکەن، بەڵام ناتوانن ئەویش ڕزگار بکەن، ترامپ ڕۆیشت، سەرەی ئەردۆغانە، بێگومان ئەوان چەند تێکبشکێن کوردە نۆکەرەکانیش ئەوەندە لاواز دەبن.

“ئێمە ئەگەر سەرنج بدەین، پلانی هێرشەکانی دووژمن پووچ دەبنەوە، بەڵام بزووتنەوەکەمان لە ١٢ی ئەیلول دا دەستی بە هەڵمەتی نوێی ئازادیی و سەرکەوتن کرد، بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ کوردستانی ئازاد، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتی دەستی  بە بەرخۆدانێکی گەورەی‌ شۆڕشگێڕیی کرد، هەڵمەتی بەرخۆدانی شۆڕشگێڕیی گەورەی دەستپێکرد و بە ئامانجی سەرکەوتنی ستراتیژیی ئێمە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی و ڕێبازی تێکۆشانی هەمەلایەنە، یەکگرتوانە، لە چوارپارچەی‌ کوردستان و دەرەوەی وڵات لە خۆدا دەحەوێنێتەوە، نەک تەنها پلانەکانی دووژمن لەبەر یەکهەڵوەشان، لەم دواییەشدا سیاسەت و عەقڵییەتی پاکتاوکەر – فاشیسیش تێکشکا”، دوران کاڵکان لە چاوپێکەوتنەکەدا ئەمانەی وت.

“ئێمە دەست بە ٤٣هەمین ساڵ دەکەین، ئێمە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین”

کاڵکان، دەشڵێت: لە هەر چوارلای جیهانەوە هەر کەس هەوڵدەدات لە ڕێبەر ئاپۆ تێبگات، پارێزنامەکانی دەخوێننەوە، خاوەنداری لە ڕاستیی ڕێبەرایەتیمان دەکەن، بەرخودانی هەڵمەتییانە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە و بە هەر چوارلای جیهاندا بڵاوبووەتەوە، وەرچەرخاوە بۆ بەرخودانی ئازادیی جیهانی و گەردوونی، ئەوانەی‌ دەیانەوێت ئێمە لە ناو ببەن ئیرادەیان و پلانەکانیان تێکشکاوە، بەڵام بزووتنەوەکەمان بە هەڵمەتی گەورەی بەرخودان پێشوازیی لە ٤٢هەمین ساڵ کرد، ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوە، کە زۆر زیاتر بە بەهێزی دەست بە ساڵی نوێی حزب بکەین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×