یەبەشە ناوەندی شەنگال جێدێڵێت
  2020-12-01       301       
یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە)، ناوەندی قەزای شەنگال بەجێدەهڵێت و ژمارەیەك لە بارەگاكانی رادەستی هێزە عێراقییەكان دەكات، ئەوەش بەپێی رێككەوتن لەگەڵ سوپا.

ئاوێنە: شەڕڤانانی یەبەشە، لە چەند رۆژی رابردوودا كشانەوەی هێزەكانیان لە بارەگاو بازگەكانی ناوشاری شەنگال بەرەو ناوچەكانی دەوروبەری قەزاكە دەستپێكردووە، دوای گەیشتنی هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی.

ئەو هێزەی پۆلیسی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، كە ژمارەیان لەسەرووی دوو هەزار كەسە، (19/11) لە كەركوكەوە رەوانەی شەنگال كران، تا دۆسیەی ئەمنی ناوەندی قەزاكە وەربگرن.

هەڤاڵ تێكۆشەر، لە یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) بۆ كەركوك ناو وتی، ئێستا هیچ هێزێكمان لەناوشاردا نەماوە، بەپێی رێككەوتنی نێوان ئێمەو سوپا لە دەرەوەی شار دەمێنینەوە، تا كاتی رێككەوتنی دووەم.

لەرێككەوتنی دووەمدا هێزەكانی شەنگال تاوتوێی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی بازگە ئەمنییەكان دەكەن.

ئەو وتیشی، لەبەرانبەر جێگیربوونی هێزەكانمان لە دەرەوەی شار، ژمارەیەك لە هێزەكانی یەبەشە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا دادەمەزرێن.

هەڤاڵ تێكۆشەر دەڵێت ئەوان هێزێكی عیراقیین و بەرێكەوتن هەندێك شوێنیان رادەستی سوپای عیراق كردووە.

بەپێی بەدواداچوونەكان، جگە لە پۆلیسی فیدراڵی زیاتر لە پێنج هێزی چەكداری جیاواز لە شەنگال هەن لە نێویاندا حەشدی شەعبی، یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە)، پۆلیسی ناوخۆیی، ئاسایش، سوپای عێراق و پێشمەرگەی ئێزیدخان.

خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ لە شەنگال بۆ كەركوك ناو وتی، هەموو بازگەكان وەك خۆیان ماون، بەڵام لە سەرەتای مانگی تازەوە پۆلیسی فیدراڵی ئەمنیەتی ناوشار وەدەگرێت، بۆیە سوپاو هێزەكانی دیكە دەچنە دەرەوەی شار.

هێشتا لەناوشار هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئاسایشی ئێزیدخان سەر بە ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری و هێزەكانی حەیدەر شەشۆ لە بارەگاكانیاندا ماونەتەوەو چاوەڕێدەكرێت ئەوانیش بچنە دەرەوەی شار، بەوتەی خودێدا چوكی.

ئەو گۆڕانكارییە دوای نزیكەی مانگێك دێت لە رێككەوتنی هەردوو حكومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی كوردستان، كە تشرینی یەكەمی 2020 واژۆكرا بۆ پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ و رێكخستنەوەی دۆسیەی ئەمنی قەزای شەنگال.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×