حاكم شێخ لەتیف: دادگای تەمیزی کوردستان دابەش بو
  2020-12-03       1096       

حاكم شێخ لەتیف، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی دادوەری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، دادگای تەمیزی لە هەرێمی كوردستان دابەش بو، ئەوەش بەهۆی ناكۆكی لەسەر كەیسێكی نێوان "كۆمپانیایەكی سەربە دەسەڵاتی زەرد" لەگەڵ "كۆمپانیایەكی هاوشێوەی سەربە دەسەڵاتی سەوز."

ئاوێنە: حاكم شێخ لەتیف، كە لەمانگی 11ی ساڵی 2018 دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە كاروباری دادوەری و دادگاكان راگەیاند، ئەمڕۆ لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی": دادگای تەمیزی کوردستان دابەش بو. بەداخەوە ئەوەی پێشبینیمان دەکردو دەستمان لەکارکێشایەوە بۆی، خراپتر رویدا."

حاكم شێخ لەتیف وتوشیەتی"لە ئێستادا بەھۆی ناکۆکی لەسەر کەیسێکی نێوان کۆمپانیایەکی قەبەی سەربە دەسەڵاتی زەرد لەگەڵ کۆمپانیایەکی ھاوشێوەی سەربە دەسەڵاتی سەوزو یەکلاییکردنەوەی کەیسەکە بەیەک دەنگ لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکەی دەسەڵاتی زەرد و ھەندێ کێشەی تری پەراوێزخستنی دادوەرانی سنوری سلێمانی  لە ئەندامانی دادگای تەمیز، ناکۆکی قوڵ دروست بوەو بە ھاندان و پشتگیری بەرێز جێگری سەرۆکی حکومەت دادوەرانی سنوری سلێمانی لەدادگای تەمیز مانیان گرتوەو کەیسەکان نابینن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێستا یەکێتی دەیەوێت ئەو بارە لارەی لەدادگای تەمییز راست بکاتەوە."

بەپێی قسەی حاكم شێخ لەتیف، ئەوەش "دەرەنجامی سروشتی بەحیزبیکردنی دادگایە بەتایبەتی لە ١٢/٦/٢٠١٨ کە ھەردولا واتە یەکێتی و پارتی رێککەوتن ئەو ١٠ ئەندامەی دادگای تەمیز کە پۆستەکانیان چۆڵ ببو بەھۆی خانەنشینیەوە، بڕیاریاندا فیفتی بە فیفتی جێگاکانیان پڕبکەنەوە، پێنج دادوەر لەسنوری ئەولاو پێنج دادوەریش لەسنوری ئەملا."

هەروەها باسی لەوەش كردوە كە وەك خۆی دەرەنجامی مەترسیداری ئەو کارەی زانیوە، بۆیە پێشتر دەسەڵاتدارانی دادوەری و سەرۆکی ھەرێمی كوردستانی ئاگاداركردۆتەوە کە ئیمزای ئەو دامەزراندنانە نەکات و نەچێتە ژێر بەرپرسیاریەتێکی مێژویی وا مەترسیدارەوە.

وتوشیەتی"بەڵام بەداخەوە گوێیان لێ نەگرتین و کارەکەیان ئەنجامدا، سەرەنجام ئێمە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیشدا دەستمان لەکار کیشایەوەو بۆ خەڵکمان رونکردەوە."

حاكم شێخ لەتیف رەتیشیكردۆتەوە كە ناڕەزایەتییەكانی نە ئەوكات و نە ئێستاش پەیوەندی بە شەخسی ئەو 10 دادوەرەوە بوبێت كە دانراون بەڵكو  "گلەیی و رەخنەکە"ی لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی ئەو 10 پۆستە بوە بەشێوەی پشکپشکێنە لەنێوان ھەردو دەسەڵاتی ئەمبەرو ئەوبەر.

وتوشیەتی"چونکە دەمزانی کارێکی لەوجۆرە دەرنجامی کارەسات باری لێ دەکەوێتەوە. ھیچ بەرژەوەندییەکی شەخسیشم نەبو، چونکە خۆم بەتەمای ھیچکام لەو پۆستانە نەبوم بەبەڵگەی ئەوەی داواکاریشم پێشکەش نەکردبو لەکاتێکدا لە ھەشت دادوەریان ئەقدەم تر بوم و ھەمو مەرجەکانیشم تێدابو."

حاكم شێخ لەتیف وتوشیەتی"ئێستا ئەوەی لێی دەترساین رویداو تەنانەت باس لە دولەتکردنی دادگای تەمیزو ئەنجومەنی دادوەریش دەکرێ کە ئەوە کاریسەیەکی ترە. چونکە ئەگەر ھەمو دەزگاکانی تر دولەت ببن و بەحیزبی بکرێن دەبێ دادگا بە یەکگرتویی و بێلایەنی بمێنێتەوە."

حاكم شیخ لەتیف بە پێویستی زانیوە لەسەر ھەمو حیزبەکان بەتایبەتی ئەوانەی دەسەڵاتی راستەقینە نین لەپایتەخت ھەوڵ بدەن ئەنجومەنێکی دادوەری لە دادوەرانی سەربەخۆو بێلایەن و ئازا دروستبکرێ نەک لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی.

وتوشیەتی"ئەگەر وایان کرد سودمەندی یەکەم خەڵک و ئەو حیزبانەشن لەگەڵیاندان کە دەسەڵاتی راستەقینە نین لە پایتەخت. بەڵام ئەگەر دوبارە ھەوڵ بدەن لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی چارەسەری کیشەکە بکەن ئەوا خۆیان و خەڵکیش و دادپەروەریش زەرەر مەند دەبن."

لەكۆتاییشدا وتوشیەتی"ھەقی خۆشیەتی و کاتیشیەتی ھیچ نەبێ دەسەڵاتی دادوەری بکرێتەوە بەدەسەڵاتی دادوەری ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت سنورێک بۆ ئەم داڕوخانەی ھەرێم دابنێن."

 

دادگای تەمیزی کوردستان دابەش بوو

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×