ئەندامێكی لیژنەی وزە: کڕینی کارەبا لەتورکیا زۆر مەترسیدارە
  2021-01-01       774       
بڕیاره‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاره‌با له‌توركیا بكڕێت‌و ئەندامێكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ "زۆر مەترسیدارە" وه‌سف ده‌كات‌و داوای‌ ڕاگرتنی‌ ده‌كات.

ئاوێنه‌: چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ کارەبای‌ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕیارە سەرەتای‌ ساڵی‌ نوێ گرێبەستێک بۆ کڕینی‌ 200 مێگاوات کارەبا لەگەڵ وڵاتی‌ تورکیا ئیمزا بکەین."

له‌به‌رامبه‌ردا کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌، "کڕینی کارەبا لەتورکیا زۆر مەترسیدارەو دەبێت بوەستێندرێت."

ناوبراو ڕونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ حکومەتی هەرێم، بۆ هەر کیلۆواتێک (٧) سەنتی لەسەر دەکەوێت، هەر مێگاواتێکیش (١٠٠٠) کیلۆواتە، واتا حکومەتی هەرێم نزیکەی (٢٠٠،٠٠٠) دووسەد هەزار کیلۆوات دەکڕێت لەبەرامبەر (١٤،٠٠٠) چواردە هەزار دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک؛ ئەم بڕە دەکاتە، (٣٣٦،٠٠٠) هەزار دۆلار لەڕۆژێکداو نزیکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد و بیست ملیۆن دۆلار لەساڵێکدا. بۆ سێ ساڵ ئەم پارەیە دەکاتە نزیکەی (٣٦٥) ملیۆن دۆلار. کەواتە، حکومەتی هەرێم بۆ کڕینی کارەبا نزیکەی (٣٦٠) ملیۆن دۆلاری پێویستە، لەکاتێکدا دەتوانێت بەو بڕە پارەیە سێ هەنگاوی خۆماڵی بنێت‌و بەشێکی کێشەی کارەباشی پێ چارەسەربکات. 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌باره‌ی‌ هه‌نگاوه‌كانه‌وه‌ نوسیویه‌تی‌:

یەکەم: کڕینی کارەبا لەڕێگەی وزە نوێبووەکان وەکو (تاقەی شەمسی) وزەی خۆر، هەمان بڕی کارەبا بۆ ماوەی (٣٠) ساڵ بکڕێت. 

دووەم: دەتوانێت پاوەرپلانتێکی نوێ دروستبکات‌و لەماوەی ٣-٤ ساڵ بڕی ٤٠٠-٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت.

سێیەم: یان دەتوانێت بەهەمان بڕ لەڕێگەی گازی سروشتی هەمان بڕو بگرە زیاتریش بەرهەم بهێنێت! کەواتە، هۆکاری کڕنی کارەبا لەتورکیا چییە!

کاروان گەزنەیی ڕاشیگه‌یاندووه‌، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم لەئێستادا توانای بەرهەمهێنانی وێستگە کارەباییەکانی نزیکبووەتەوە لە (٧٠٠٠) مێگاوات، بەکۆی گشتی نزیکەی (٣٥٠٠-٣٨٠٠) مێگاوات بەرهەمدەهێنێت بەگوێرەی کات. لەهەمانکاتدا، کێشەی کارەبا بەردەوامەو دەکرێت بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە سود لەوزە نوێبووەوەکان وەربگیرێت، بەڵام لەهەموو بارێک دەبێت کڕینی کارەبا لەتورکیا ڕەتبکرێتەوە و ڕابگیرێت. 

به‌بۆچونی‌ ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان، "ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارەو زیانێکی گەورە بەحکومەتی هەرێم‌و هاوڵاتیان دەگەیێنێت‌و کێشەی کارەباش وەکو خۆی بەهەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە؛ ئەم هەنگاوە مەترسیدارەو پێویستە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕابگیرێت."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×