وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بڕیارەکەی ئەمریکا، لە بارەی سزادانی فالح فەیاز قبوڵنەکراوە
  2021-01-09       553       
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند، بڕیارەکەی ئەمریکا، لە بارەی سزادانی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی قبوڵنەکراوە.

ئاوێنه‌: وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ لەبارەی سزادانی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە وەڵامی ئەمریکای دایەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لە بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سزادانی فالح فەیاز سەریان سوڕماوە، ئاماژەی بەوەشداوە کە “ئێمە بە وردی لەگەڵ ئیدارەی ئێستا و نوێی ئەمریکا چاودێری هەموو بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەکەین و هەوڵی چارەسەری گرفتەکان دەدەین.”

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕاشیگەیاندووە کە “بڕیارەکەی ئەمریکا شتێکی کتوپڕ و قبوڵنەکراوە.”

دوێنێ نووسینگەی چاودێریی بەڕەگەز بیانییەكانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: سزایان بەسەر فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ‌و ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی عێراقدا، سەپاندوە، ئەوەشی بۆ پێشێلكارییەكانی ناوبراو بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ گەڕاندەوە، بەگوێرەی بەیانەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سزاكانی سەر فالح فەیاز، سەرەتا بریتی دەبن لە دەستبەسەرداگرتنی هەموو موڵك ‌و ماڵی ناوبراو لە ئەمریكا، جا ڕاستەوخۆ بەناوی ئەوەوە بن یان ناڕاستەوخۆ و بە ناوی كەسانی ترەوە بن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×