ئه‌حمه‌د سه‌فار: جێگیر كردنی پشكی كورد له‌ بودجه‌دا پێویستی به‌ رێككه‌وتنی سیاسییه‌
  2021-01-10       478       
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌پێویستی ده‌زانێت هه‌رێم و به‌غدا رێككه‌وتنێكی سیاسی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مان كێشه‌ بۆ پشكی هه‌رێم دروست نه‌كرێت.

ئاوێنە: ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ میدیاكانی نزیك له‌ پارتی راگه‌یاندووه‌، پێویسته هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌ن به‌ رێككه‌وتنی سیاسی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مان كێشه‌ بۆ پشكی هه‌رێمی كوردستان دروست نه‌كرێت و ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌ گوێره‌ی دانیشتوان بێت، ده‌بێت پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌دا 13.9% بێت".

به‌وته‌ی سه‌فار، هه‌ندێك له‌ بڕگه‌كانی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2021ی عیراق پێچه‌وانه‌ی خواسته‌كانی حكومه‌تی عیراقه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت چاكسازی بكات.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق باسله‌وه‌ده‌كات، كورتهێنان له‌ بودجه‌ی عیراق ده‌گاته‌ 71 ترلیۆن دینار كه‌ رێژه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 43.29%، له‌ كاتێكدا به‌ گوێره‌ی یاسا نابێت رێژه‌كه‌ی له‌ 3% زیاتر بێت.

له‌ دانیشتنی دوێنێ شه‌ممه‌دا، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2021 كرد.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×