بریكاری وەزارەتی پەروەردە: هۆكاری ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن بەتەنها كۆرۆنا نیە
  2021-01-13       505       
بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن بەتەنها كۆرۆنا نیە، دەسەڵاتیش خۆی ئەمە دەزانێت ئێمە لاریمان نەبووە لەدەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن.

ئاوێنه‌:  د.سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، وەكو وەزارەتی پەروەردە كردنەوە یان نەكردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، هەركاتی خۆی كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبووەوە لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستكرا، هەموو بڕیارەكان لەبارەی كۆبوونەوەكان، قوتابخانەكان، زانكۆكان خرایە دەست ئەو لیژنە باڵایە كەلیژنەی باڵا دەتوانێت بڕیار بدات لەسەر مەسەلەی چۆنیەتی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان یان نەكردنەوەیان، لیژنەی باڵاش ئەمڕۆ چوارشەممە كۆدەبێتەوە، ئێمە چاوەڕێی بڕیاری ئەوان دەكەین، كە بڕیاریاندا ئێمە وەكو وەزارەتی پەروەردە ئەوەی لەسەرمانە پارێزگاریكردن و پلاندانانە بۆ مەسەلەی چۆنیەتی تەواوكردنی خوێندنی ئەمساڵ بەشێوەیەكی سەركەوتوو.

وتیشی”خوێندنی ئەلیكترۆنی، بەشێوەیەكی ئیجباری نەبووە بەڵكو “ئیختیاری” بووە بۆ قوتابیەكان تابتوانن سوود ببینن لەو وانە ئیزافیانەی كە لە ڕێگەی ئێ-پەروەردەوە بڵاودەبێتەوە، لەناوچەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ناوچەی گەرمیان تاڕادەیەكی كەم سوود لەو خوێندنە كراوە، لەبەرئەوە لەحاڵەتی دەستپێكردنەوەی خوێندندا، ئێمە مەجبورین لەسەرەتای وەرزی یەكەمەوە دەست پێبكەین لەو ناوچانەی كە دەرسیان نەخوێندووە، لەپارێزگاكانی دهۆك و هەولێر، نزیكەی 4-5 هەفتە دەوام كراوە و بەشداریكردن لەخوێندنی ئەلكترۆنیشدا زیاتر بووە، لەبەرئەوە لەو شوێنەوە دەستپێدەكرێتەوە بەخوێندن كە گەیشتوون، واتە ئەو پڕۆگرامەی كە خوێندراوە لەوێوە دەستپێدەكەنەوە، ناڕۆنەوە سەرەتای پڕۆگرامەكە لەپارێزگاكانی دهۆك و هەولێر”.

ئاشكراشیكرد، پڕۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی پڕۆسەیەكی ئیجباری نەبووە، پڕۆسەیەكی ئیختیاری بووە، خەڵك بەئارەزووی خۆی توانیویەتی بڕوات یان نەڕوات، هیچ لێپرسینەوەیەك نەبووە، هەر لەسەرەتاوە وەزارەتی پەروەردە ئاگاداری خەڵكی كردووە كەئەمە پڕۆسەیەكی ئیختیارییە، بۆ ئەوەی قوتابیەكان و دایك و باوكەكان بتوانن سوود ببینن لەو جۆرە خوێندنە بۆ تەواوكردنی ئەو وانانەی تەواو نەكراون وەكو یارمەتیەك بۆ قوتابیان.

ئاشكراشیكرد، پێمانخۆشە ڤایرۆسەكە نەمێنێت و بەشێوەیەكی گشتی زۆر بەجوانی و جددی دەوام بكرێت و قوتابیەكان بچنەوە پۆل و مامۆستا بەڕێزەكان وانەی خۆیان بڵێنەوە و ساڵەكەش بەسەركەوتوویی تەواو بێت، بەڵام ئایا خواستی ئێمە و واقیع یەكدەگرێتەوە؟ ئەوەیان نازانم دەبێت بدرێتە دەست ئەو لایەنانەی ئاماریان لایە و زیاتر دەتوانن بەدواداچوون بكەن بۆ ئەو مەسەلەیە.

سەبارەت بە پڕۆگرامی خوێندن، د.سەیوان عەلی ڕایگەیاند، هەموو ئەگەرێك لە ئارادایە بۆئەوەی پڕۆگرامی خوێندن تەواو بكرێت وە هەموو ئەگەرێك لەئارادایە بۆئەوەی ئێمە بتوانیین بەسەركەوتوویی ساڵی خوێندن تەواو بكەین.

وتیشی”هەموو شتێك دەكەین بۆئەوەی ئەمساڵ بەسەركەوتوویی تەواو ببێت، ناتوانم ئێستا وەڵام بدەمەوە، چونكە پرسیاری ئەگەرەكان تۆزێك زەحمەتە وەڵامدانەوەی، بەڵام هەموو شتێكمان كردووە بۆئەوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ شكست نەهێنێت”.

سەبارەت بە ئەگەری درێژكردنەوەی ساڵی خوێندن، د.سەیوان عەلی دەڵێت”پشت دەبەستێت بەوەی كەلیژنەی باڵا بڕیاردەدات كەی قوتابخانەكان بكرێنەوە هەتا ئێمە نەزانیین كەی قوتابخانەكان دەكرێنەوە نازانین چەند پێویستە بۆ تەواوكردنی پڕۆگرامی خوێندن، ئێمە ئاگادارنەكراوینەتەوە لەكاتی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن ئەوە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بڕیار دەدات.

د.سەیوان عەلی ڕەتیشیدەكاتەوە ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن یەكێك لەهۆكارەكان نەبوونی مووچە بێت، بەبڕوای من مامۆستا بەڕێزەكان لەم حاڵەتەدا كەقەیرانێكی گەورە هەیە لەكوردستاندا لەڕووی تەندروستیەوە ڕێگەنادەن ئەمساڵ لە كوردستاندا پڕۆسەی خوێندن شكست بهێنێت، ئەوانەشی دەڵێن پەیوەندی بە مووچەوە هەیە خۆ وەزارەتەكانی تریش مووچە وەرناگرن و دەوامیش دەكەن، هەر وەزارەتی پەروەردە نییە خۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دەوام دەكات و مامۆستاكان دەچنەوە پۆلەكانیش و وانەش دەڵێنەوە، پێموانییە ئەو قسەیە ڕاست بێت لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو كەسانەی كە ئەو جۆرە قسەیە دەكەن، من دەبینم لە كوردستاندا مووچە نییە، بەڵام فەرمانبەرەكان هەموویان دەوام دەكان، هیچ بنەمایەك نییە و هیچ شتێكی زانستی نییە بۆئەوەی دڵنیاببمەوە كە لەبەر خاتری مووچە ئەمساڵ خوێندنی ئەمساڵ شكست بهێنێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×