بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە سکاڵا لەسەر بەرپرسانی سەیدسادق تۆمار کرا
  2021-01-13       481       
بەیانی ئەمڕۆ کەسوکاری شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی سەیدسادق، لە دادگای شارەکە سکاڵایان لەسەر هەموو ئەو بەرپرس و کەس و لایەنانە تۆمارکرد کە کەمتەرخەمبوون بەرامبەر ڕژانی خوێنی گەنجان.

ئاوێنه‌: ئەو کەسانەی سکاڵاکەیان تۆمارکرد لە چالاکوانان و پەڕلەمانتاران و پارێزەرانی خۆبەخش و کەسوکاری شەهیدانی خۆپیشاندانەکان پێکهاتبوون، پارێزەێکی کەیسەکەش دەڵێت، بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان تا  کۆتایی پشتیوانی کەسوکاری شەهیدان دەبن.

عوسمان شێخ سدیق، پارێزەری خۆبەخشی کەیسەکە دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە ڕایگەیاند، تا کۆتایی پشتیوانی لە کەسوکاری شەهیدان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن مافەکانیان بەدەستبهێننەوە، وتیشی خوێنێکی بەناهەق لە شارەکە ڕژاوە و لە ماوەی ڕابردووشدا چەند جارێک ئەم تاوانە دووبارە بووەتەوە، بەڵام کەس بە سزا نەگەیەنراوە.

کۆتایی ساڵی ڕابردوو، بەهۆی نەبوونی موچە و کەمی خزمەتگوزارییەوە، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارو شارۆچکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، لە شارۆچکەی سەیدسادقیش دوو گەنج بە ناوەکانی هەرێم عەلی و ئاکام جەبار بە تەقەی هێزە ئەمنیەکان شەهید کران و دەیان کەسیش بریندار کران.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×