وتەبێژی حكومەت: بەم نزیكانە كاتی دابەشكردنی موچە رادەگەیەنرێت
  2021-01-13       818       

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئامادەكاری كراوە بۆ دابەشكردنی موچەو بەم نزیكانەش وەزارەتی دارایی كاتی دابەشكردنی موچە رادەگەیەنێت.

ئاوێنە: د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی"ئامادەكاری كراوە بۆ دابەشكردنی موچە، دابەشكردنی موچە ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمە."

ئەوەشی خستەڕو"بەم نزیكانە وەزارەتی دارایی كاتی دابەشكردنی موچەو وردەكاری رێژەی تەمویلكردنی موچە رادەگەیەنێت."

لە بەشێكی دیكەی قسەكاندا ئاماژەی بەوەدا كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا تاوتوێی ئامادەکارییەکان کراوە بۆ پڕۆژە بودجەی ساڵی (2021) لەژێر رۆشنایی کۆبونەوەکەی دوێنێ سێشەممەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێم.

وتیشی: وەزیرانی دارایی و پلاندانان پێشنیارەکانی خۆیان لەبارەی بودجەی ساڵی (2021)ەوە خستوەتەڕو، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکان راسپێردران کە لەماوەی دو هەفتەدا پێشنیاری خۆیان سەبارەت بە خەرجی و داهاتەکان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی لە کۆبونەوەی داهاتودا گفتوگۆ بکرێت و پەسەند بکرێت.

وتەبێژی حکومەت رونیکردەوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، تاوتوێکردن و رێکخستنەوەی گرێبەستی دەوازە سنورییەکان بو بە ئامانجی زیادکردنی داهات.

جوتیار عادل راشیگەیاند؛ بۆ رێکخستنەوەی گرێبەستەکان هەنگاوی باش نراوە و ئامانج لێی زیادکردنی داهاتی حکومەت و سەپاندنی باجە لەسەر ئەو گرێبەستانە، چونکە هەندێک لە کۆمپانیاکان بەبێ گرێبەست کار دەکەن و تەنها رۆتینیان زیاد کردوە.

دوپاتی کردەوە "لە سۆنگەی شەفافیەت و دروستکردنی هاوسەنگی لە داهات و خەرجییەکان، لە ماوەیەکی نزیکدا داهات و خەرجییەکانی حکومەت دەخرێنەڕو".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×