كۆمپانیای دیلۆیت: 294 ملیۆن دۆلاری هەرێمی كوردستان لەبانكێكی لوبنان گلدراوەتەوە
  2021-01-15       595       

كۆمپانیای دیلۆیت كه‌ كاری‌ وردبینیی له‌كەرتی نەوت‌و گاز لەهەرێمی كوردستاندا ده‌كات، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ زیاتر له‌ 294 ملیۆن دۆلاری هەرێمی كوردستان لەبانكێكی لوبنان گلدراوەتەوە.

ئاوێنه‌: لەچوارچێوەی پرۆژەی وردبینیی له‌كەرتی نەوت‌و گاز لەهەرێمی كوردستان، کۆمپانیای دیلۆیت زانیارییەکانی بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردن‌و بەکاربردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لەسەرەتای ساڵی 2020وە تـاوەکو مانگی 9ی 2020ی‌ بڵاوکردەوە.

بەپێی راپۆرته‌كه‌، لەكۆتایی چارەكی دووەمی ساڵی 2020، ڕەسیدی دراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە دەكاتە  ( 294 ملیۆن‌و 338 هەزارو 232) دۆلاری ئەمریكی لەحیسابێكی بانكی لەلوبنان گلدراوەتەوە.

پێشتر میدیاكانی رۆژئاوا ئەوەیان بڵاوكردەوە كە بڕی (ملیارێك) دۆلاری ئەمریكی حكومەتی هەرێم لەبانكێكی ئەمریكی دەستی بەسەردا گیراوەو ناتوانن بیگەڕێنەوە، چەند پەرلەمانتارێكی كوردستان بابەتەكەیان وروژاندو حكومەتی هەرێمیش نكۆڵی كرد لەوەی ئەو بڕە پارەیە لەبانكێكی لوبناندا بێت‌و سكاڵای تۆماركرد.

هه‌ر به‌پێی‌ ئەو خشتەیەی كە ئەمڕۆ  (دیلۆیت) بڵاویكردۆتەوە، (15%) داهاتی نەوتی هەرێم بۆ توركیا دەڕوات بەجۆرێك لەكۆی داهاتی نەوتی هەرێم كە لە 1/1/ بۆ 31/3/2020 بڕەكەی (ملیارێك و 342 ملیۆن) دۆلار بووە لەو بڕە.

یەكەم: (136 ملیۆن و 731 هەزار) دۆلار بۆ كرێی بۆری نەوتی توركیا واتا لە 10%ی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بۆری نەوتی توركیا دەچێت و لە (13%)ی بۆ بۆری نەوتی هەرێم دەچێت، واتا 23%ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ كرێی بۆری گواستنەوەی نەوت دەچێت. 

دووەم: ( 60 ملیۆن) دۆلار بۆ قەرزی كۆمپانیاكانی توركیا ( TEC) و (TPIC).

كۆی گشتی دەكاتە ( 196 ملیۆن) دۆلار لە كۆی ( ملیارێك و 342 ملیۆن) دۆلار كە دەكاتە لە (15%) ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لەو سێ مانگەدا.

بەڵام لەدوو راپۆرتی تردا حكومەتی هەرێم پارەی قەرزی كۆمپانیاكانی توركیا نەداوەتەوە واتا لەمانگی سێوە تا ئێستا حكومەتی هەرێم قەرزی كۆمپانیاكانی توركیای نەداوەتەوەو بووەتە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×